مۆسكۆ: توركیامان بە ھاوپەیمانی ستراتیجی دانەناوە و دەبێت رەفتارەكانی لە قەرەباخ روون بێت

لاڤرۆڤ: ناكۆكی لە نێوان وڵاتەكەی و توركیا سەبارەت بە پرسی قەرەباخ ھەیە

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ جەختیكردەوە، وڵاتەكەی توركیای بە ھاوپەیمانی ستراتیجی دانەناوە، وێڕای كە ھاوبەشییەكی توندوتۆڵ لە نێوان ھەردوو وڵاتدا لە پرسە جیاوازەكاندا كارێكی گرنگە.

لاڤرۆڤ، ئەمڕۆ چوارشەممە لەھەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ وێستگە رادیۆییەكانی رووسیا، گوتی: "ئیمە توركیامان وەك ھاوپەیمانی ستراتیجی پۆلین نەكردووە، بەڵام ھاوبەشێكی زۆر بە متمانەیە".

لاڤرۆڤ ئاماژەیكرد، ھاوبەشیی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە لە زۆر ئاستەوە مۆركێكی ستراتیجیی ھەیە و ھەردوولا ھەوڵ دەدەن ململانێی سووریا ولیبیا چارەسەر بكەن و بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەوێ پێشەكەش بكەن.

وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە، لەوانەش توركیا، ئێران، ئیمارات و قەتەر بەرژەوەندییان لەدەرەوەی سنوورەكانیان ھەیە، جەختیشیكردەوە، گرنگ ئەوەیە، دڵنیایی ھەبێت لە روونی ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ پێشكەشكردنی  ئەو بەرژەوەندییانە لە وڵاتانی دیكەدا.

لاڤرۆڤ بەردەوامی بە قسەكانی دا و گوتی: ھەرچەندە سەربازانی توركیا بەبێ بانگھێشتی حكومەتە رەواكەی لە سەر خاكی سووریا ھەن، بەڵام پێموایە لە سووریا ئەو روونییە ھەیە، سەرۆكی سووریا و حكومەتەكەشی پشتیوانییان لە داڕشتەی ئاستانا كردووە و بەشداری لە دەستپێشخەرییەكانی ھەرسێ دەوڵەت دەكەن، بۆیە لەم روه‌وە ھاوبەشی توركیا، رووسیا و ئێران گرنگیەكی گەورەی ھەیە. ھەر ئەمەش وایكرد ئەو پانتاییە زەوییەی بەدەست تیرۆریستانەوە بوو؛ پێش ئەوەی ناوچەی كەمكردنەوەی گرژی لە ئیدلب دابمەزرێنرێت، كەم ببێتەوە.

وەزیری دەرەوەی رووسیا دانینا بە بوونی ناكۆكی لە نێوان وڵاتەكەی و توركیا سەبارەت بە پرسی قەرەباخ و گوتی: ئێمە دژی ئەو ھەڵوێستەین كە توركیا خستوویەتەڕوو و سەرۆكی ئازەربایجان (ئیلھام عەلییف) چەند جار ئەو ھەڵوێستەی رایگەیاندووە. ئەمە نھێنی نییە. ئێمە ناتوانین پشتیوانی ئەو لێدوانە بكەین كە چارەسەری سەربازی بۆ ململانێیەكەی قبووڵ دەكات و مۆسكۆ سوورە لەسەر ھەڵوێستەكەی خۆی كەوا ئەو ململانێیەی قەرەباخ تەنھا بەرێگای ئاشتیانە چارەسەر ده‌كرێت.

لاڤرۆڤ جەختیكردەوە لە سەر ئەوەی دەبێت رەفتارەكانی توركیا لە قەرەباخ وەك ئەوەی سووریا روون بن".

سەرچاوە: نوفوستی