هۆشدارییەکی توند لە پێشمەرگەوە بۆ یەپەگە و پەکەکە

هۆشدارییەکی توند لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ هێزەکانی یەپەگە و پەکەکە
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

K24 - هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییەکی تووند دەداتە هێزەکانی یەپەگە و پەکەکە و دەڵێ "ئەمە دوایین جار بێت رووداوی هاوشێوە رووبدات".

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری یەپەگە لە سنووری سووریاوە بە چەکی قورسەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە داگیر بکەن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە رووبەڕوویان بوونەتەوە، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ "هاوپەیمانان لەو رووداوە ئاگادار دەکەینەوە".

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16-12-2020) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر لەبارەی هێرشەکانی یەپەگە و پەکەکە لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، روونکردنەوەی دا.

شەڕەکە چۆن روویدا؟

سەربەست لەزگین دەڵێ "بەداخەوە رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان روویدا، لەکاتێکدا کاتژمیر 01:00ـی شەو مەفرەزەیەکی چەکداری پەکەکە هەوڵیان دا بێنە نێو هەرێمی کوردستان بە قاچاغی و رێگەیەکی ناڕەوا، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە بینران، ئەو پێشمەرگانە ئەرکی خۆیان لەسەر سنوور جێبەجێ دەکرد و هەموو خەڵکی کوردستان و لایەنی سیاسی دەزانن رێگەی فەرمیمان هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا و دەرگەی هاتووچۆی فەرمیان هەیە، بەڵام ئەم چەکدرانە ویستوویانە بە قاچاغ لە ئاو بپەڕنەوە، پێشمەرگەکانی زێرەڤانی لەو شوێنە دوای ئەوەی تەئکیدیان کردووەتەوە لەوەی ئەوانە چەکدارن نەوەک خەڵکی مەدەنی داوایان لێکردوون بگەڕێنەوە و، گوتوویانە رێگە نادەین قاچاغچی و چەکدار بە بەرچاوی ئێمەوە بێنە نێو هەرێمی کوردستان".

پێشمەرگە زۆر هەوڵیداوە تاوەکو هێزە چەکدارەکە کە لە هەشت کەس پێکهاتوون، بگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان و نەپەڕنەوە، بەڵام بەگوتەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە "تەنیا سێیان گەڕاونەتەوە و پێنجەکەی دیکە ماونەتەوە و هەوڵیانداوە هەر بێنە نێو هەرێمی کوردستان، پێشمەرگەش رێگری لێکردوون".

سەربەست لەزگین دەڵێ "دوای چەند کاتژمێرێک، هێزێکی یەپەگە لەنێو سووریا پێکهاتووە و کاتژمێر 04:00ـی بەیانی هێرشی کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە لەو دەڤەرە، ئەو هێرشە دڕندانە بووە، بە هەموو جۆرە چەکی سەخت، بیکەیسی، دۆشکە، ئاڕ بی جییان پێبووە، زیاتر لە یەک کاتژمێر و نیو شەڕ بەردەوام بووە، پێشمەرگەکانمان لەو خاڵە ناچار بوون بەرگری لەخۆیان بکەن، دواتر هێزەکە نەیانتوانی ئامانجەکەیان بەدیبهێنن، بە روورەشی و شکست گەڕانەوە سنووری سووریا".

"یەپەگە لەژێر فەرمانی پەکەکەیە"

وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هێرشەی شەوی رابردوو شەرمەزار دەکات. سەربەست لەزگین جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێمە ئەو رووداوە شەرمەزار دەکەین و بەتووندی رەتیدەکەینەوە".

هەروەها باس لەوە دەکات "هەمووان دەزانن یەپەگە لەژێر ئاراستە و رێنمایی و فەرمانی سەرکردایەتیی پەکەکەیە، بەداخەوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەند ساڵێکە بەناوی شەڕی داعش هاوکاری پێشکەشی ئەو هێزانە دەکەن و چەکیان پێدەدەن".

پێشمەرگە داوایەک ئاراستەی هاوپەیمانان دەکات 

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا هەروەها گوتی "داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین، لەسەر ئەو رووداوە هەڵوێستی خۆیان دیار بخەن و، بەتووندی شەرمەزاری بکەن، قبوڵ ناکرێت ئەو هێزەی یەپەگە لەنێو سووریاوە هێرش بهێننە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان".

ئەو هێزە لە رۆژئاوای کوردستان هاتوون بە گوتەی سەربەست لەزگین "زیاتر لە 56 کەس بوون، مەرامیان ئەوە بووە زیانێکی زۆر لە پێشمەرگە بدەن و خاڵەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام سەرشۆڕانە گەڕانەوە".

لە وەڵامی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 سەربەست لەزگین ئاشکرای کرد "ئەمڕۆ هێزەکانی هاوپەیمانان لەو هێرشە ئاگادار دەکەنەوە".

"ئێمە شەڕمان ناوێت"

وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی دەکاتەوە کە شەڕی ناوێت، بریکارەکەی دەڵێ "ئەمە ستەمیکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئێمە ئاشتیخوازین و نامانەوێت شەڕی نوێ دروست ببن و ببێتە قەیرانێکی دیکە لەسەرمان، بەڵام دیارە پەکەکە کە سەرکردایەتی یەپەگە دەکات لە رۆژئاوای کوردستان و چەکداریان لەنێو هەرێمی کوردستانیشدا هەیە، ماوەیەکی درێژە  بوونەتە بەشێک لەو لایەنانەی دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکبدەن".

"مەزڵووم عەبدی قسەکانی پێچەوان بوون" 

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دوێنێ لە تویتێکدا رایگەیاندبوو "هێرشی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدژی گەریلاکانی پەکەکە لە ئامێدی مایەی شەرمەزارییە و دەستکەوتەکانی دۆزی کورد تێکدەدات. داخوازین هێرشەکان بووەستینرێن و کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بکرێن". 

لە بەرامبەردا بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەداخەوە دەڵێم، دوێنێ مەزڵووم عەبدی تویتێکی کرد  و گوتی هێزەکانی پارتی هێرشیان کردووەتە سەر گەریلا، کە ئەمەش پێچەوانەیە و دوورە لە راستی. مەزڵووم عەبدی و هەڤاڵەکانی باش دەزانن ئەوان ئازاد نین لە قسەکردن و دەربڕینی بۆچوونەکانیان و هەموو ئاراستەکردنیان لەلایەن مامۆستاکانیان لە قەندیلەوەیە، ئەگەرنا لەو رووداوەی لە ئامێدی دروست بووە و، ئەوانەی پێشتریش هەمیشە پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە. هەرکاتێک بازگەیەک هەبووە، ئێمە ئامادەبووین بووەستین و پرسیاری ناسنامەمان بکەن، بەڵام ئەوان لە بازگەکانی ئێمە ناوەستن و دەیانەوێت هیچ حیسابێک بۆ دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکەن".

پەکەکە رێگرە لەبەردەم ئاوەدانکردنەوە

ئەمە رووداوێکی نوێ نییە، "چەندین ساڵە هەڵوێستی پەکەکە لەنێو هەرێمی کوردستان بەوشێوەیە بەردەوامە"... حکومەتی هەرێمی کوردستان پەکەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی، ئەوان بوونەتە هۆی ئەوەی چەندین گوند ئاوەدان نەکرێنەوە و رێگرییان لە خەڵکی گوندەکان کردووە زەوی خۆیان بچێنن و بگەڕێنەوە دەڤەرەکەیان".
 
سەربەست لەزگین باس لەوە دەکات لەدوای ئەنفالەوە لە ساڵی 1988ـەوە دەڤەری حەفتەنین و گەلیا بساغا و کەشان کە دەڤەرێکی فراوانی قەزای زاخۆیە، چۆڵە بەهۆی ئەو شەڕەی پەکەکە هێناویەتییە کوردستان و خەڵکەکەشی بێ کار و لە رەوشێکی خراپدا دەژین. "چەکدارانی پەکەکە رێگری لە خەڵک دەکەن بچنە ناوچەکانیان، کەچی پێش چوار مانگ هەموومان بینیمان پێشکەشی سوپای تورکایایان کرد و تورکیا خەڵە سەربازییەکانی هێنایە دەڤەرەکە".

"پەکەکە بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەکاردێت"

سەربەست لەزگین جەختی کردەوە لەوەی "دەردەکەوێت پەکەکە پڕۆژەیەکە لەلایەن هێزەکانی هەرێمی و ناوخۆیی بەکاردێت بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان".

پەیامێک بۆ مەزڵووم عەبدی

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها دەڵێ "بە مەزڵووم عەبدی دەڵێین، رۆژێک پرسیار لەو سەدان هەزار خەڵکەی خۆت بکە کە هاووڵاتیی رۆژئاوای کوردستانن و لە هەرێمی کوردستانن. بپرسە حاڵیان چۆنە؟ بەڵام چونکە ئەوان لەگەڵ فەلسەفە و رێبازی مەزڵووم عەبدی و ئۆجەلان نین، رێگەشیان لێدەگرن بگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان و ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەی لەسەر فەلسەفەی ئەوان نەبێت، هەست دەکەن خائینە و مرۆڤ نییە و مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن!".

لە کۆتایی گوتەکانیدا سەربەست لەزگین رایگەیاند "لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان هێرش بکرێتە سەر هەر خاڵێکی پێشمەرگە، ئێمە مافی رەوای خۆمانە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە و رێنماییە بۆ هەموو پێشمەرگە کە هێرشیان دەکرێتە سەر بەرگری لەخۆیان بکەن و هیوادارین دووبارە نەبێتەوە".

هێرشەکەی ئەمڕۆ هێزەکانی یەپەگە لەکاتێکدایە گرووپێکی چەکدارانی پەکەکە شەوی یەکشەمە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی پێشمەرگە لە سنووری دهۆک، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەشیاندا پێشمەرگەیەک شەهید بوو.

رۆژی دووشەممەی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جۆیل رەیبێرن، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سووریا  پێگەیشت و لە پەیوەندییەکەشدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هێرشەکەی چەکدارانی پەکەکە کرد بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری ئامێدی و بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد.

بەگشتی لەم ماوەیەدا، سێ پێشمەرگە و کارمەندی ئاسایش، لەسەر دەستی چەکدارانی پەکەکەوە شەهید کراون. مەسروور بارزانی هۆشداریدا کە ئەم هێرشانەی پەکەکە و هەوڵەکانیان بۆ دەستوەردان و خۆخزاندنە نێو خۆپێشاندانی ئاشتییانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە لەوەی "پێویستە ھێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ژێر هەژموونی پەکەکە بێتە دەرەوە و نابێت چیتر رێگە بدرێت پەکەکە سوود لەو هاوکاریانە وەربگرن کە پێشکەشی ھەسەدە دەکرێن".