دۆلار بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی خرۆشاند

"خەڵكی وا ھەیە 500 ھەزار دیناری ھەیە و بە دۆلار دەیگۆڕێتەوە"
دیمەنێکی ئەمرۆی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، وێنە: هۆسمەند سادق، کوردستان24
دیمەنێکی ئەمرۆی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، وێنە: هۆسمەند سادق، کوردستان24

K24 – ھەولێر

بەھۆی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی، بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شارەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق خرۆشاوە و ژمارەیەك زۆری بازرگان و كاسبكاران روویان لە بازاڕی دراو كردووە.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لەناو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەولێر رایگەیاند، لە بازاڕی دراو قەرەباڵغی زۆر دروستبووە، زۆربەی ئەو كەسانەی لەوێن سەرقاڵی گۆڕینەوەی دۆلار و دینارن.

بەگوتەی ئەو كەسانەی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی ھەولێر كار دەكەن، ئێستا 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرامبەر بە 143 دیناری عێراقییە، لە كاتێكدا بەیانی ئەمڕۆ بە 145 ھەزار دیناربوو، بەڵام وەك ئەوان ئاماژەی پێدەكەن، بەھای دۆلار بەرامبەر دینار جێگیر نییە و ھەڵبەز و دابەز دەكات.

ھاووڵاتییەك كە لەناو بازاڕی دراوی ھەولێر بۆ كوردستان24 دوا گوتی: "خەڵكێكی زۆر لێرە كۆبووەتەوە، ھەندێك دۆلار دەفرۆشن دەڵێن دوای كە دادەبەزێ و دەیكڕینەوە، ھەشیانە ئەو دۆلارەی ھەیەتی دەیكات بە دینار".

غازی سەعدی، سەرۆكی ئەنجومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "راستە بانكی ناوەندی عێراق بەھای دۆلاری بەرامبەر دینار جێگیر كردووە، بەڵام ھێشتا بڕیارەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردن، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییان دەكەم ئەوانەی ئیشیان بە دۆلار نییە دان بەخۆیاندا بگرن، خەڵكی وا ھەیە 500 ھەزار دیناری ھەیە دێتە بازاڕ دەیكاتە دۆلار، ھەشیانە دێن دۆلار بە دینار دەگۆڕنەوە، پێویست بەوەناكات بازاڕ بشێوێنن و خەڵك خۆی بشێوێنێ".

گوتیشی: "پێشبینی دەكەم ئەم بڕیارە دوای ماوەیەك ھەڵبوەشێنرێتەوە، چونكە كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر ژیانی خەڵك و دارایی حكومەتی عێراقیش".

زۆربەی بازرگان و كاسبكاران روویان كردووەتە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، وەكخۆیان دەڵێن ئەو دینارەی كە ھەیانە دەیگۆڕنەوە بە دۆلار، چونكە ئەوان كەلوپەل بە دۆلار دەكڕنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە بانكی ناوەندی عێراق بە نووسراوی فەرمی بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دیاركرد، كە لەمەودوا دینار بۆ هەر دۆلارێك بەمشێوەیە دەبێت:.

1450 نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی

1460 نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان لەڕێگەی زیادکردنی فەرمی.

1470 نرخی فرۆشتنی لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان بە هاووڵاتییان.