پۆلیسی سلێمانی هه‌ڕه‌شه له‌م كه‌سانه ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
پۆلیسی سلێمانی له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند، هه‌ر كه‌س له‌سه‌ر بابه‌ته مرۆییه‌كان هه‌وڵی خۆ به پاڵه‌وانكردن بدات له سۆشیال میدیادا رووبه‌ڕووی دادگای ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه دوای ئه‌وه هات، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گرته‌ی هاووڵاتییه‌ك بڵاوكرایه‌وه، كه له بارێكی ده‌روونی ناجێگیردا ده‌ركه‌وتبوو و بێ لانه بوو، دواتر له لایه‌ن پۆلیسی سلێمانییه‌وه گواسترایه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌ی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووه: "پاش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ژیانی ژنێكی دەرون نەخۆش و بێلانه رزگاركرا، به‌ڵام له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت كه ئه‌وان ژیانی ئه‌و ژنه‌یان رزگاركردووه."
هه‌روه‌ها هاتووه: "دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ڤیدیۆیی ئه‌و ژنه لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنكەی پۆلیس سەرای راسپارد بۆ بەدواداچوون لەو گرتەڤیدیۆییە دواتر‌و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، بنكەی پۆلیسی سەرا لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردو ژنەكە دۆزرایەوەو بەهاوكاری د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری نەخۆشییە دەرونییەكان و لەئێستادا لەونەخۆشخانەیە چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت".
پۆلیسی سلێمانی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه "له‌حاڵه‌تی دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌ر كارێكی له‌و جۆره‌و خۆبه‌پاڵه‌وانكردن له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ناچارده‌بین ئه‌و كه‌سانه رووبه‌ڕووی یاسا‌و دادگا بكه‌ینه‌وه".