لەسەر سکاڵای FBI ئەندامێکی پێشووی یەپەگە لە فلۆریدا دەستگیردەکرێت

دانیاڵ بەیکەر تۆمەتبارە بە بانگەوازکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانە لەدژی لایەنگرانی ترەمپ لە تاڵاهاسی
دانیاڵ بەیکەر تەمەنی 33 ساڵە
دانیاڵ بەیکەر تەمەنی 33 ساڵە

K24 - هەولێر

سەربازێکی پێشووی ئەمەریکا، کە ماوەیەک لەنێو هێزەکانی یەپەگە چەکدار بووە، دوێنێ لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتیی فلۆریدا دەستبەسەرکرا بەهۆی ئەوەی هەوڵیداوە خۆپیشاندانێکی چەکدارانە رێکبخات لەدژی ئەو خۆپیشاندەرانەی بەنیازن سبەی بۆ پاڵپشتی لە ترەمپ، لە فلۆریدا کۆببنەوە.

ئەو سەربازەی پێشووی ئەمەریکا ناوی دانیاڵ بەیکەرە، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، دانیاڵ هەوڵیداوە لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیا خەڵک رازی بکات بازنەیەک بەدەوری خۆپیشاندەرانی لایەنگری ترەمپ دروستبکەن و پاشان لە باڵەخانەی کاپیتۆڵی فلۆریدا گەمارۆیان بدەن.

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) سکاڵای لەدژی بەیکەر تۆمارکردووە و وەکو بەڵگەیەک، پۆستەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ئینستاگرام و یوتووب لەدژی بەکارهێناوە، بەهۆی ئەوەی "پۆستەکانی نیشانی دەدەن هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە لەسەر خۆپیشاندانی داهاتوو لە تاڵاهاسی (پایتەختی فلۆریدا)''.

رۆژنامەی تاڵاهاسی، ئەمڕۆ لە راپۆرتێکیدا دەڵێ "رۆژی پێنجشەممە، بەیکەر لەڕێگەی پۆستێکی فەیسبووک داوای کردووە خەڵک لەدژی خۆپیشاندەران بجەنگن".

رۆژنامەکە زانیارییشی لەبارەی بەیکەرەوە بڵاوکردووە و دەڵێ "گەنجێکی تەمەن 33 ساڵە و لە تاڵاهاسی دادەنیشێت".

FBI لە سکاڵاکەدا هەروەها باس لەوە دەکات: لەم چەند مانگەی رابردوودا، بەیکەر چووەتە چەندین شوێن، لەوانە سیاتڵ و ناشڤیڵ بۆ ئەوەی "لەدژی وێرانکردنی ئەمەریکا و تووندوتیژیی پۆلیس" بەشدار بێت لە خۆپیشاندانەکان.

دانیاڵ بەیکەر، ئێستا لە نووسینگەی دەستبەسەرکردنی فیدراڵیی لە تاڵاهاسی دەستبەسەرە و، تۆمەتبارە بە هەڕەشە و رفاندن، ئەگەر تۆمەتەکانیش بەسەریدا ساغ ببنەوە، سزاکەی دەگاتە 5 ساڵ زیندانی و 250 هەزار دۆلار سزای دارایی.

بەپێی سکاڵا فیدراڵییەکەی لەدژی بەیکەر تۆمارکراوە، ئەو لە ساڵی 2017 بووەتە ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە). لە سۆشیاڵ میدیاکانیشدا دەڵێ لە نێو یەپەگە راهێنانی پێکراوە بۆ ئەوەی ببێتە نیشانەشکێن.

هەروەها لەو چاوپێکەوتنە دۆکیومێنتکراوانەی لەگەڵ FBI کردوویەتی، بەیکەر دانی بەوەداناوە ئەویش راهێنانی لەبارەی تاکتیکەکانی بەرگریی سەربازی بەو ئەندامانە کردووە، کە هاتوونەتە ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی یەپەگە.