ئایا دەرچوون لە دۆلار (دیدۆلاریزەیشن) سەردەگرێت؟ ئەوەی عێراق دەیکات دەچێتە خانەی وازهێنان لە دۆلار؟

Kurd24

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و دوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی بریتۆن وودز و قبوڵکردنی جیهان بۆ دۆلار وەکو پارەی یەدەگی بانکە ناوەندییەکان و پارەی سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان و ئامرازی سەرەکی نرخاندن بۆ وزە. وایکرد کە ئەمریکا ببێتە خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهان. بۆ ڕوونکردنەوەی هێزی ئەمریکا باسی ڕووداوێکی نزیک دەکەین کاتێک لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ دا ڕووسیا هێرشی کردە سر خاکی ئۆکڕانیا، واشنتۆن بڕیاری بڵۆککردنی نیوەی یەدەگی دراوی قورسی ڕووسیای دەرکرد و دواتر بڕیاری دەرکردنی گەورەترین بانکەکانی ڕووسیای دا لە سیستەمی سوێفت بەمەش ڕووسیای ڕکابەری دێرینەکەی خۆی دوچاری کێشەیەکی گەورەی کردەوە لە کرداری پارەدان لە مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتیەکاندا. هەرچەندە ئەمریکا نەترس و دەستکراوە بوو لە سەپاندنی سزای جۆراوجۆر بەسەر نەیارەکانیدا بەڵام ئەمە وایکرد کە دەنگەکانی "ئیتر بەسە تاک جەمسەری" کە پێشتر تاڕادەیەک کز بوون ئێستا بەهێزتر لە جاران بگەن بە گوێی جیهانیان. ململانێ سیاسییەکان کە مەبەست و ئامانجی کۆتاییان "دەستکەوتی ئابووری یاخود باڵادەستی ئابووری"یە لە ئێستادا ترێندێکی خێراتریان وەرگرتووە بە جۆرێک کەوا بە بڕوای زۆرێک لە ئابووریناس و بیرمەندانی سیاسی تەختی دۆلار کەوتۆتە لەرزین و تاجی و ئیمپڕاتۆرییەتی ئەمریکا کەوتۆتە مەترسییەوە. ئەوەتا ئێستا وڵاتانی دژ بە سیستەمی تاک جەمسەری یاخود باشترە بڵێین سەرمایەداری خەریکی یەکگرتن و پەیماننامەی توندوتۆڵن لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەتیش بازرگانی نێودەوڵەتی و وزە.

یەکەم زەنگی مەترسی بۆ ئیمپڕاتۆریەتە ٨٠ ساڵانەکەی دۆلاری ئەمریکی بە چەمکێک لێدرا کە بە "وازهێنان لە دۆلار" بە ئینگلیزییەکەی Dedollarization پێ دەوترێت. وازهێنان لە دۆلار؛ بە دەربڕینێکی سادە و ئاسان، بە مانای کەمکردنەوەی باڵادەستی دۆلاری ئەمریکی دێت لە بازاڕە جیهانییەکان و مامەڵە دارایی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان. لەگەڵ ئەو سزایانەی دوای جەنگی ئۆکرانیا بەسەر ڕووسیادا سەپێندران کە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و هەروەها کرانەوەی چین بەڕووی جیهاندا دوای قۆناغی پاندەمی کۆڤید-١٩، یوانی چینی وردە وردە دەنگی زیاتر بیسترا و زیاتر هاتە نێو مەیدانی کێبڕکێ یەکە و لە بازرگانی نێوەوڵەتیدا هاتە ڕیزەکانی پێشەوەی جەنگەکە. بە واتایەکی فراوانتر دیدۆلاریزەیشن بریتی یە لە پرۆسەی دوورکەوتنەوە لە پشتبەستنی جیهان بە دۆلاری ئەمریکی (USD) وەک دراوی قورس و سەرەکی یەدەگی وڵاتان. جگە لە پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەی جیهان و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕووسیا، بۆهۆی کاریگەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکی ئەمریکی و گەیشتنت بە بەرزترین ئاستی لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوو وایکرد کە بەهای دۆلار بەرز بێتەوە و بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو گرانتر بێت، ئەمەش وایکردووە کە هەندێک وڵات وریا بن لەوەی زۆر پشت بە دۆلاری ئەمریکی ببەستن و بەشێوەیەکی بەشەکی یان باشترە بڵێین وەکو تاقیکردنەوەیەک بازرگانی بە دراوەکانی دیکەوە بکەن.

ئایا ئەم هەوڵانە بوونەتە جێگەی نیگەرانی ئەمریکا؟

بەڕاستی هەندێک بەڵگە هەن کە دەسەلمێنێت جیهان هێواش هێواش دەستبەرداری دۆلار دەبێت، بەگوێرەی ئامارەکانی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی (IMF)، سەنگی دۆلار لە یەدەگی دراوی بیانی لە ٧١% بۆ ٦٠% دابەزیوە. بەڕازیل لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٣دا ڕایگەیاند کە یوانی چینی جێگەی یۆرۆی گرتووەتەوە وەک دووەم گەورەترین دراو لە یەدەگی دراوی قوسری ئەو وڵاتە، ئەمەش وەکو زەنگێکی مەترسیدار شرۆڤەدەکرێت بۆ پێگەی دۆلاریش. سەرەڕای هەوڵەکانی چین بۆ نەهێشتنی دۆلار، بەڵام هێشتا یوان تەنها 2.7%ی سەرجەم یەدەگی دراوی بیانی وڵاتان پێکدەهێنێت. لە توێژینەویەکەدا کە لەلایەن گۆڵدمان ساکسەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە، یوان کە خۆشی بە دۆلارەوە بەستراوەتەوە و لەلایەن حکومەتێکەوە خاوەندارێتی دەکرێت کە بەچڕی ددەست دەخاتە بازاڕ و بڕ و بەهای دراوەکەی و لەلایەکی تریش پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بەشێکی زۆری خۆرئاوادا نیە، هەمیشە لە هەوڵ و کۆشش دا دەبێت بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان بۆ ئەوەی ببێتە دراوی سەرەکی و یەکەم لە مامەڵە جیهانییەکاندا. تیمی ستراتیژیستەکان بە سەرۆکایەتی کاماکشیا ترێڤێدی لە کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس دەڵێن: "تا ئێستا و ڕەنگە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژیش، هەوڵەکان بۆ لابردنی دۆلار وەکو دراوی سەرەکی یەدەگی نێودەوڵەتی سنوردار و کەم کاریگەر و لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا بمێننەوە."

بۆچی دۆلار هەر هێشتا خاوەن شکۆیە؟

چەند هۆکارێک هەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی دۆلار پێگەی خۆی وەکو دراوی یەدەگی نێودەوڵەتی بپارێزێت. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان "پترۆدۆلار"ە. زۆرینەی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی نەوتی جیهان بە دۆلار یەکلایی دەکرێتەوە. بەو پێیەی ئاڵوگۆڕی نەوتی جیهانی ڕۆژانە دەگاتە بە ملیارەها دۆلار و هەموو وڵاتێک پێویستیان بە وزە هەیە، ئەمەش خواستێکی زۆر لەسەر دۆلار دروست دەکات بۆ ئاسانکاری ئەو مامەڵانە.

بەگوێرەی مەزەندەی بانکی فیدراڵی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٩ دۆلار ٩٦%ی مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانی کیشوەری ئەمریکا و ٧٤%ی ئاسیا و ٧٩%ی لە سەرانسەری جیهان پێکهێناوە. لە سەر ئاستی جیهانیدا، بانکەکان نزیکەی بەڕێژەی 60%ی مامەڵەکانیان لە کردارەکانی پارەدان و سپاردەی بانکی لەلای بانکێکی تری بیانی و پڕۆسەی قەرزکردنە بیانییەکانیان بە دۆلار ئەنجام داوە لەو ماوەیەدا. جگە لەمانەش، لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لەسەر ئاستی بازاڕە نێوەدەوڵەتییەکان، دۆلاری ئەمریکی لە ٩٠%ی هەموو مامەڵەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەکان پێک دەهێنێت.

هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ دروستکردنی جێگرەوەیەک بۆ دۆلاری ئەمریکی. بۆ نمونە؛ یۆرۆ سەرەتا وا دەرکەوت کە ڕەنگە لە بوارێکی وای لەبەردەم دا هەبێت ببێتە دراوی سەرەکی و یەکەمی یەدەگی نێودەوڵەتی. بەڵام قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ و شۆکی سیاسی و ئابووری جۆراوجۆر لە ئەوروپا لەو کاتەوە، پێگەی دراوە هاوبەشەکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای وەک ستانداردێکی جیهانی کەمکردووەتەوە. ژاپۆن کێشەی تایبەتی خۆی هەیە لەگەڵ ئابوورییەکی وەستاو و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان. پێناچێت یوانی چینی بەم زووانە ببێتە دراوێکی یەدەگ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کۆنتڕۆڵە توندەی کە حکومەتەکەی چین دەیخاتە سەر بازاڕ و هاتووچی سەرمایە.

پێدەچێت هەموو کاندیدە ئەگەرییەکانی دیکە چانسێکی زۆریان نەبێت بۆ ئەوەی ببنە دراوی سەرەکی یەدەگی نێودەوڵەتی. بۆ نموونە فرانکی سویسری کە تا ڕادەیەکی زۆر بە دراوێکی جێگیر ناسراوە. بەڵام ئەو ئابوورییەکەی سویسڕا لە چاو ئابوورییە فراوانەکەی ئەمریکا بچووکە و ناتوانێت پشتگیری لەو خواستە زۆرە نێودەوڵەتییە بکات.

دراوێکی BRICS بۆ دژایەتیکردنی دۆلار؟

لەم دواییانەدا سەرکردەکانی وڵاتانی وەک چین و هیندستان و بەرازیل داوای هەنگاوەکانیان کردووە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بە دراوی خۆیان بازرگانی لەگەڵ یەکتردا بکەن و لە هەمان کاتدا دۆلاری ئەمریکی لە هاوکێشەکە وەدەربنێن. ئەمەش وردە وردە ڕۆڵ و گرنگی دۆلار کەمدەکاتەوە لە هەمان کاتدا جیهانێکی دارایی فرە جەمسەری دێنێتەکایەوە کە وڵاتانی تریش جگە لە ئەمریکا لە داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر قسەیان دەبێت لە کاروباری جیهانیدا. بەبۆچوونی زۆڵتان پۆزساری شرۆڤەکاری کرێدیت سویس بە سەردانکردنی سەرۆکی چین بۆ سعودییە یەکەم سیگناڵ و ئاماژەی سەرهەڵدانی چەمکی "پتڕۆیوان" واتە نەوت بە یوانی چینی دایە جیهان کە لە سەردانەکەی لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دا داوای لە وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە لە بڕی دۆلار پشت بە دراوی نیشتمانی خۆیان ببەستن لە بارزگانی سووتەمەنی.

لە مانگی ئابی ٢٠٢٣دا ئەم بیرۆکەیە بەشێوەیەکی مکوڕتر کاری لەسەرکرا. ڕووسیا و ئەفریقای باشوور لەگەڵ سێ وڵاتەکەی تری ئەندامی سەرەکی ڕێکخراوی BRICS ، کە کۆمەڵێک وڵاتانی تازەپێگەیشتوو  بەیەکەوە هاوپەیمانییەکی ئابوورییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی ڕۆژئاوا بنیاتناوە. لە کۆبوونەوەی لوتکەی لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٣دا، بریکس ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی شەش وڵاتی نوێ بخاتە ناو هاوپەیمانەتی و بڵۆکەکەیانەوە  کە بریتین لە ئەرجەنتین، میسر، ئەسیوپیا، ئێران، سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. (بەڵام بەم دواییانە سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەرژەنتین بیرۆکەی چوونە نێو هاوپەیمانەتییەکەی ڕەتکردەوە). شایەنی باسە ئەم یەکگرتن و خۆ فراوناکردنەوەی BRICS کۆی ٤٠٪ دانیشوتانی جیهان دەگرێتەخۆی، دەبێتەهۆی هێنانەکایەی هێزێکی گەورەتر کە جیهان ناچار دەکات سەرنج بخەنە سەریان و گوێیان لێ بگرن. بەڵام ئەوەی شایەنی سەرنجە ئەوەیە کە پێشنیارەکانی نێو لووتکەکە لەبارەی دروستکردنی پارەیەکی هاوبەشی بریکس بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی دۆلار تاکو ئێستا لە چوارچێوەی بیرۆکە و قسەی زارەکی ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێکی وا بەرجەستە نەنراوە بۆ جێبەجێکردنی. بەڵام ئەمەش نابێت لەبیر بکرێت کە ئەمە کارێکی مەحاڵ نیە و ئەگەرێکی کراوەیە کە لە داهاتوودا دراوێکی هاوبەش لە نێوان ئەو وڵاتانە دروست بکرێت و ببێتە دراوی سەرەکی ٤٠٪ی دانیشتوانی جیهان کە ئەندامن لە ڕێکخراوی بریکس. دەکرێت وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پشت بەستن بە دۆلار لەوانەیە هانا ببردرێتە بەر جێگرەوەی جۆراوجۆری وەکو دراوی دیجیتاڵی بانکی ناوەندی، ستەبڵکۆین، سەبەتەیەک لە دراوەکانی ئێستای بریکس یان دراوێک کە لەلایەن کانزا بەنرخەکانی وەک زێڕ و زیوەوە پشتگیری دەکرێت.

ئەگەر دۆلار دۆخی یەدەگ لەدەست بدات چی ڕوودەدات؟

گرنگە بزانین کە پێگەی بوون بە یەدەگی نێودەوڵەتی شتێکە کە لە ڕووی مێژووییەوە لە ئاسۆی ماوەیەکی زۆردا بەدەست هاتووە یان لەدەست دراوە. بەدوور نازانرێت ڕۆژێک بێت دۆلار ئەو پێگەیەی لەدەست بدات بەڵام بێگومان ئەمە بە چاو تروکاندێک و لە شەو ڕۆژێک ڕوونادات. ئەگەر دۆلار وردە وردە جێگەی خۆی لە لوتکەی هەرەمی دارایی جیهانی لەدەست بدات، ئەو کاتە چی ڕوودەدات؟ بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم ڕووداوە بە مانای کەمتر دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە، بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن و دابەزینی بەهای بازاڕی بۆرسە، لەگەڵ چەند کاریگەری دیکەی نەرێنی دێت. پێگەی دراوی سەرەکی یەدەگی جیهانیی، بۆتە هۆکاری کورتهێنانی گەورە لە ڕووی بازرگانی نێودەوڵەتی و خەرجییەکانی حکومەت بۆ ئەمریکا. ئەگەر بیانییەکان چیتر پاشەکەوتەکانیان بە دۆلار هەڵنەگرن، ئەوا ئابووری ئەمریکا دووچاری ئەوە دەکات کە سیاسەتە نەختێنییەکانی توندتر بکاتەوە و چیتر بەو پلەیە ئازادی ڕەهای نەبێت لە دەستکەوتنی سەرمایە و قەرزکردن. سەبارەت بەوەی کە چی جێگەی دۆلار دەگرێتەوە، لەم خاڵەدا پێشبینیکردنی قورسە. دەکرێت جیهانێک خەیاڵ بکەین کە یۆرۆ یان یوانی چینی لە کۆتاییدا ببێتە دراوی یەدەگی سەرەکی، بەڵام بەدیهاتنی ئەم دۆخە پێویستی بە گؤرانکاری ڕیشەیی مەزنە لە جیۆپۆلەتیک و سیستەمی سیاسی جیهان. هەندێک لە ئابووریناسان سیستەمێکی دارایی پێشنیار دەکەن کە پشت بە کانزا گرانبەهاکان یانیش پشت بە دراوی کریپتۆ ببەستێت، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم جۆرە مۆدێلانە دەتوانێت ببێتە ئاڵنگارییەکی گەورە.

عێراق بڕیاری داوە لە ساڵی ٢٠٢٤دا گشت مامەڵە نێوخۆییەکانی وڵات دەبێت بە دینار ئەنجام بدرێن، ئایا ئەمە دەچێتە خانەی دیدۆلاریزەیشن؟ یانیش ئایا عێراق دەتوانێت بە تەواوەتی واز لە دۆلار بهێنێت؟

نابێت ئەوە لەیادبکرێت کە عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە واژۆی لەسەر ئەوە کردووە کە گشت داهاتی نەوتەکەی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دابنێرێت، ئەمەش بێگومان لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنی هەیە. لایەنە باشەکەی ئەوەیە کە تاکو ئێستاش عێراق باجی هەڵەکانی حکومەتی ڕوخاوی پێشوتر دەداتەوە و بەهۆی کەڵەکەبوونی بڕێکی زۆر لە قەرزی کۆن و نوێێ عێراق بەبرامبەر بە وڵاتان و کۆمپانیاکان. بەم شێوەیە داهاتی نەوتی عێراق دەکەوێتە ژێر جۆرێک لە پارێزبەندی گەنجینەی ئەمریکا و هیچ وڵاتێک یاخود هیچ کەسێک ناتوانێت بە سکاڵاکردن لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بڵۆک بخاتە سەر پارەکانی عێراق. لایەنە نەرێنییەکەشی ئەوەیە کە ئەمریکا ئەم بابەتە وەکو چەکێکی سیاسی و گوشارکردن لە دژی عێراق بەکار دێنێت و هەروەکو چۆن بینیمان کە لە ساڵی ڕابردووەوە تاکو ئێستاش بەهۆی نەناردن یاخود سنورداری بڕی دۆلاری نێردراو لە لایەن ئەمریکاوە چۆن بازاڕی عێراق دووچاری کەمی خستنەڕووی دۆلار و لەدەستدانی بەهای دیناری عێراقی بووەتەوە. شایەنی باسە بانکی ناوەندی عێراق هەر پڕۆگرامێک کە جێ بەجێ بکات بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینارەکەی، خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە پلان وپڕۆگرامی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە پلەی شەفافییەت لە مامەڵە بازرگانی و داراییەکان لە عێراقدا. واتە گەر عێراق بڕیاری ئەوەشی دابێت کە لەگەڵ وڵاتێکی دیاریکراودا بە دراوی نیشتمانی مامەڵە بکات لە بڕی دۆلار، یاخود گەر بڕیاریشی دابێت کە چیتر مامەڵە بە دۆلار نەکرێت لە ناوخۆی عێراقدا ئەمە خۆی بەشێکە لەو پلانە چاکسازییەی گەنجینەی ئەمریکا کە داوای دەکات عێراق پەیڕەوی بکات بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە گەیشتنی دۆلار بە نەیارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لەلایەکی تریش لەبەر ئەوەی چەمکی "پتڕۆدۆلار" هێشتا زیندووە و عێراقیش بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٥٪ لە هەناردەکانیدا پشت بە نەوت دەبەستێت و داهاتەکەشی هەر بە دۆلارە و یەدەگی دراوە قورسەکانی عێراق بە پلەیەک لە جۆری دۆلارە، کەواتە ئەوەی ئێستا عێراق مەبەستێتی زیاتر جێ بەجێ کردنی مەرجەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە لە پێناو سەقامگیرکردنی بەهای دینارەکەی لەگەڵ خۆپاراستن لە ئەمبارگۆ و گوشار و سزا ئەگەرییەکانی ئەمریکا. کەواتە لەبەر ڕێژەی گرێدراوی عێراق بە نەوت و نەوتیش لە بازاڕەجیهانییەکان بە دۆلار دەنرخێنرێت و لەبەر ئەوەی ئەمریکا کۆنترۆڵێکی تەواوی بەسەر یەدەگ و داهاتی نەوتی عێراقەوە هەیە، عێراق ئەم هەنگاوانە بە مەبەستی پشت کردن لە دۆلار و (Dedollarization) ئەنجام نادات. بەڵکو ئەمانە هەوڵێکن بۆ گەیشتن بە سیستەمی نانەختینەیی و پەرەپێدانی سیستەمی بانکی بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی تەواویان لەسەر مامەڵە بازرگانییەکان هەبێت و بزانن چەند بڕە پارە بە چ مەبەستێک بۆ کوێ دەنێردرێت و بەم ڕێگەیەش ڕێگری بکرێت لە تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە.