خوێندنەوەیەکی ئابوورییانە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا

Kurd24

بەهۆی گەورەیی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق و زۆر پشت بەستنی عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە کاڵا و بەرهەمە تورکییەکانەوە، ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەکانی کاریەگەری دەخاتە سەر نرخی پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستان.

تورکیا بە ئابوورییەکی نا سەقامگیرەوە بەرەوە هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگ هەنگاو دەنێت. بڕیارە لە (2024/3/31) دا هاوڵاتییانی تورکیا بچنەوە سەر سەندوقی دەنگدان و بڕیار لەسەر دیاریکردنی بەڕێوەبەر و کاربەدەستانی داهاتووی شارەکانیان بدەن. لەمەش گرنگتر بڕیار وایە لە (2024/3/21) واتە 10 ڕۆژ پێش هەڵبژاردن بانکی ناوەندی بڕیاری زیادکردن، دابەزاندن یانیش دەستکاری نەکردنی ڕێژەی سوو بدات.

ئەم دوو ڕووداوانە کاریگەرییەکی تەواو لەسەر ئابووری تورکیا بەگشتی، بازاڕە دارایی یەکان و بەهای لیرەی تورکی و نرخی زێڕ دروست دەکەن لە تورکیا و کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی کەل و پەلە تورکییەکان بە مانای گرانی زیاتر بۆ ئێمەش دێت. بەگوێرەی پێشبینی شارەزایانی ئابووری و دارایی جگە لە وەزیری دارایی (مێهمێت شیمشەک) و پارێزەری بانکی ناوەندی (فاتیح کاراهان) و دەسەڵاتدارانی تورکیا، داهاتوویەکی باش چاوەڕێی ئابووری تورکیا، بۆڕسەی ئیستانبۆڵ و بەهای لیرە و ڕێژەی هەڵئاوسان ناکات.

بەگوێرەی چاوەڕوانییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە بانکی ناوەندی تورکیا لە (2024/3/21) ڕێک دە ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکان 500 خاڵ ڕێژەی سووی بانکی بەرز بکاتەوە و ڕێژەکەی لە%45  ەوە بگەینێتە 50%. بەپێی بۆچوونی شارەزایان ئەم هەنگاوە پێویست بوو زۆر زووتر بگیرێتەبەر و بەشێوەیەکی خێراتر ڕێژەی سوو بۆ 50% بەرزکرابایەوە. لەماوەی زیاتر 9 مانگی کارکردنی وەزیری دارایی پلانی ستراتیژی ئابووری و دارایی گرتەبەر لەگەڵ بانکی ناوەندی بۆ دابەزاندنی پلە بە پلەی ڕێژەی هەڵئاوسان. لە ماوەی کارکردنی سەرۆکە دەست لەکار کێشاوەکەی بانکی ناوەندی  تورکیا و وەزیری دارایی ئێستا ڕێژەی سوود لە 8.5%ـەوە بەرزکرایەوە بۆ 45%. بەڵام بە ڕای ئابووریناسان ئەم هەنگاوانە زۆر دواکەوتن و پێیوست بوو لە ماوە نێوان مانگەکانی 7 بۆ 12 ی ساڵی ڕابردوو ڕێژەی سوود کرابایە 50% ئەو کاتە هەڵئاوسان کەم دەبوویەوە یان ئاڕاستەکەی و خێراییەکەی دەگۆڕا.

بەهۆی ناسەقامگیری و بوونی ترس و بێ متمانەیی لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا خواستێکی زۆر چڕ لەسەر دۆلار و زێڕ دروست بوو لە تورکیا بەجۆرێک هاوڵاتیان هەوڵیان داوە بەشی زۆری سامانەکیان لە لیرەوە بگۆڕن بۆ دۆلار و زێڕ. جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی زێڕ و هۆکارەکانی تری وەکو ناسەقامگیری و جەنگ و هەڕەشەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەلایەکی تر ئەگەری دابەزاندنی ڕێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەدنی ئەمریکی یەوە کە وا دەکات نرخی زێڕ بەرزبێتەوە.

هۆکاری نێوخۆیی تریش هەن لە تورکیا کە وایان کردووە نرخی زێڕ زیاتر و خێراتر لە نرخە فەرمییە جیهانییەکەی بەرز بێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکان بریتی یە لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنان لە تەرازووی پێدانی تورکیا کە لە ساڵی 2023 دا بەبڕی 45.2 ملیار دۆلار بوو. تورکیا هەوڵیداوە ڕێگری بکات لە هاوردەکردنی زێڕ بۆ ئەوەی چیتر پارە بەهۆی هاوردەکردنی زێڕەوە لە تورکیا نەچێتە دەرەوە کە ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی زێڕ لە بازاڕدا و بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان نرخەکەی بەردەوام لەبەرزبوونەوە دایە.

جگە لە زێڕ و دۆلار، وەبەرهێنان لە بۆڕسە و کاغەزە داراییەکانی تر و دانانی پارە لە هەژماری تایبەت بە پاراستنی هاوڵاتی لە پاریتەی لیرە و دۆلار بژاردەی دیکەی بەردەستن بۆ خۆپارێزی لە هەڵئاوسانی لیرە. بەڵام وەکو دەزانن کە وەبەرهێنان لە بۆڕسەدا کارێکی هەروا ئاسان نیە پێویستی بە زانیاری زۆر و چاودێری و بەدواداچوون و شیکاری بەردەوام هەیە، هەروەها لە ڕێگەی بانک و کۆمپانیاکانی تایبەت بە ڕاوێژی دارایی و وەبەرهێنانیشەوە دەکرێت پارەکان لە بۆڕسە بەگەڕبخرێن بەڵام ئەمەش بەهۆی بەرزی ڕێژەی دەستحەقی ئەو کۆمپانیانە و بەهۆی مەترسییە بەرزەکانی نێو بۆڕسەی تورکیا بەهۆی بارگۆڕانە خێرایەکان، بەناچاری خەڵک هانا بۆ کڕینی دۆلار و زێڕ دەبات.

ئەوانەی لە بۆڕسەدا وەبەرهێنانیان کردبووە لە ماوەی ساڵێک و 2 مانگی دواییدا قازانجێکی باشیان بەدەستهێناوە چونکە پیشاندەری سەرەکی بۆڕسەی ئیستانۆڵ (XU100) کە پیشاندەری پشکی 100 کۆمپانیای تورکییە، لە ماوەی مانگی شوباتی ئەمساڵدا گەیشتە لوتکە و ئاستێکی مێژووی تۆمارکرد کاتێک گەیشتە سەرووی 9300 خاڵ، بەڵام گەر داهاتی بەدەستهاتوو لەسەر بنەمای دۆلار حسابی بکەین ڕوون دەبێتەوە کە لەماوەی ئەو 14 مانگەی دوایی دا بۆڕسەی ئیستانبول داهاتەکەی بە ڕێژەی  5-% بچووک بۆتەوە و پاشەکشەی کردووە بۆیە خەڵک ناچارە هانا بۆ زێڕ و دۆلار ببات بۆپاراستنی پارە و داهاتەکانیان لە هەڵئاوسان و دابەزینی بەهای لیرە.

شایەنی باسە لە تورکیادا بە دوو شێوە هاوڵاتی دەتوانێت زێڕ بکڕیت؛ یەکەمیان بەشێوەی فیزیکی (بەرجەستە) ڕاستەوخۆ لە بازاڕ دەکڕدرێت و لە ماڵەوە هەڵدەگیرێت. شێوازی دووەمیان بریتی یە لە کرێنی زێڕ بەهۆی هەژماری بانکی تایبەت بە سپاردەی زێڕەوە؛ کە تێیدا لە ریگەی سەردانکردنی راستەوخۆ بۆ ئەو بانکەی کە هەژماری بانکی لێی هەیە یانیش لەماڵەوە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی بانکی یان ماڵپەڕی بانکەکەوە هاوڵاتی دەتوانێت بە هەر بڕێک بیەوێت زێڕ بکڕێت بەبێ ئەوەی بە شێوەی خشڵ و سکە وەریبگریت، ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر هەژمارەکەی و دەتوانیت ببینێت بای چەند و چەند گرام زێڕی هەیە.

کە ئەمەی دووەمیان یاسای باجی داهات دەیگرێتەوە و جگە لەحەقدەستی بانکەکە، بەهۆی گرێدانی ڕاستەوخۆی سیستەمی بانکی بە بەڕێوەبەرایەتی باج و وەزارەتی دارایی یەوە ڕێژەی  15% وەکو باجی سەر قازانجی ئەو زێڕە لە هاوڵاتیان دەبڕدرێت. بۆیە هاوڵاتی هەوڵدەدات خۆی خشڵ و سکە بکڕێت و لە ماڵەوە بیپارێزێت چونکە ئەو کاتە حکومەت نازانێت ئەو زێڕەی بە کەی و بەچەند کڕیوە، بۆیە باجی نایەتە سەر. کەواتە ڕێگری کردن لە هاوردەکردنی زێڕ دۆخەکەی قورستر کردووە و ئەم هەنگاوە وای کردووە خەڵکی زیاتر لەخەمی پارەکانیان بن و هەوڵ بدەن زووتر زێڕ بکڕن بەمەش خواستی نێوخۆ بۆ سەر زێڕ (بەشێوەی فیزیکی و بەرجەستەکراو) بەرزبێتەوە.

بەهۆی هەوڵەکان و ئەو جەنگەی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی دژی هەڵئاوسان دەستیان پێکردووە، لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار بەردەوامە لە لەدەستدانی بەهاکەی و تەنانەت چاوەڕوان دەکرێت کە بەهای هەر 100 دۆلارێک بۆ سەرووی 4 هەزار لیرە بەرزبێتەوە و دۆخەکە قورستر بکات. هەرچەندە بەهۆی دابەزاندنی بەهای لیرە هەوڵدراوە سەرنجی وەبەرهێنەری بیانی بۆ وەبەرهێنان  لە بۆڕسەی تورکیا ڕابکێشرێت و بەم ڕێگایەشەوە دۆلارێکی زۆرتر پەلکێشی ناو بازاڕەکانی تورکیا بکەن بەڵام بەڕێژەیەکی کەم وەبەرهێنەری بیانی بەدەم ئەم هەنگاوەی تورکیاوە هاتووە و داخڵی بازاڕی تورکیا بووە. لەلایەکی تریشەوە خەڵکی بەردەوامە لە گۆڕینی لیرەکانیان بۆ دۆلار و بەهۆی کەمی یەدەگی دۆلاری بانکی ناوەندی و کەمبوونەوەی بەردەوامی دۆلار لە بازاڕ وایکردووە کە لیرەی تورکی بەردەوام بێت لە دابەزین کە ئەگەربەهۆی دەستێوەردانی بانکی ناوەندی یەوە نەبووایە، ئێستا بەهای 100 دۆلار لە سەرووی ئاستەکانی 5 هەزار لیرە دەبوو.

بۆیە دەکرێت بڵێین بڕیاری بانکی ناوەندی لە 21/3/2024دا زۆر گرنگ دەبێت بۆ بەهای لیرە و ڕێژەی هەڵئاوسان. ئەگەر ڕێژەی سوود بەرز نەکرێتەوە و کۆمەڵێک چاکسازی تری ئابووری دارایی نەکرێن ئەوا پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2024 بەهای لیرەی تورکی بۆ سەری ئاستەکانی 4,500 بەرز بێتەوە بۆ هەر 100 دۆلارێک. سەرەڕای هەوڵەکان بۆ دابەزاندنی ڕێژەی هەڵئاوسان لە ماوەی مانگی شوباتی ئەمساڵدا ڕێژەی هەڵئاوسان بە ڕێژەی  4.53% لەسەر ئاستی مانگانە بەرز بوویەوە.

لەلایەکی تریش بۆ هێنانی بڕێک لە دۆلاری ئەمریکی بۆ ئابووری تورکیا ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە هەیە کە تورکیا لە دەرگای لە سەندوقی نەقدی نێودەوڵەتی IMF بدات و داوای قەرزی لێ بکات کە ئەمەش کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر ئابووری. بەڵام وەکو ئاشکرایە کە سەندوقی نەقدی نێودەوڵەتی قەرز بە کۆمەڵێک مەرج دەدات بە وڵاتان و سەرەتا دێن پێداچوونەو بۆ سیستەمی دارایی و ئابووری وڵات دەکەن و وردبینی تەواوی سیستەمی ئابووری و دارایی وڵات دەکەن و کۆمەڵێک ڕێوشوێن و چاکسازی داوا دەکەن ئینجا قەرزەکە دەدەن بەو وڵاتە. هەرچەندە قەرزی سەندوقی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی دروستکردنی متمانەیەک بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و دەبێتەهۆی کرانەوەی دەرگایەک بۆ هاتنی پارە و قەرزی تر بۆ ناو وڵات لە جۆری دۆلار و دراوی قورس بەڵام پێناچێت دەسەڵاتی ئێستا حەز بکات کە وردبینی بکرێن و چاودێری بکرێن و مەرجیان لەسەر بسەپێنرێت. چونکە ئێستا ئاکپارتی هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز و گرنگی لە بەردەمدایە کە کاریگەری لەسەر حکومەتەکەیان دەبێت بۆ 5 ساڵی داهاتوو.

ئاکپارتی کۆمەڵێک پلانی ستارتیژی و گشتگیری هەیە بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک گۆڕانکاری بناغەیی کە پێویستی بە پاڵپشتی زۆرینەی پەرلەمان و شارەواییەکان و خەڵکی هەیە بۆیە لەم دۆخەدا ئاکپارتی نایەوێت سنورداربکرێت و پڕۆگرامی سەندوقی نێودەوڵەتی بەسەردا بسەپێنرێت و ڕێگری لێ بکرێت لە بەرزکردنەوەی خەرجییە گشتی یەکانی حکومەت. بە ڕای منیش لەم دۆخەی ئێستا پلان و ئامانجە گشتگیرەکان و  ڕوئیای دەسەڵاتی ئێستایی تورکیا بۆ گۆرانکاری بناغەیی و دەستپێکردنی 100 ساڵی نوێ لە تورکیا ڕێگە نادات پارە لە سەندوقی نەقدی نێودەوڵەتی قەرز بکات و بەدووری دەزانم ئیدارەی ئێستا ڕێگە بدات کە چاودێری بکرێن و سەرپەرشتی و ئاڕاستە بکرێن.

شایەنی باسە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی 2023 دا 20 ملیار دۆلار بوو کە لەو قەبارەیەدا عێراق بڕی 12.8 ملیار دۆلار شتومەکی لە تورکیاوە هاوردەکردووە و لەبەرامبەردا 7.2 ملیار دۆلاری هەناردەی تورکیا کردووە. کەواتە دۆخی ئابووری تورکیا کاریگەری  دەخاتە سەر نرخی کەل و پەل و ئاستی گرانی دۆخی ژیانی ئێمەش لە کوردستان. بە لەدەستدانی بەهای لیرە لەوانەیە وا بێتە بەرچاو کە دۆخەکە سوودی بۆ ئێمە دەبێت و بەرهەمی تورکی هەرزانتر لەسەرمان رادەوەستێت. بەڵام لە تورکیادا بەهۆی کاریگەری هەڵئاوسانی دووخانەیی بەرز کە ئێستا لە 67%ـە.

هەروەها بەهۆی کاریگەری هەڵئاوسانی گشتی جیهانی و بەرزبوونەوەی کەرەسەتەی خاو، کارگەکان ناچارن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نرخی بەرهەمەکانیان بەرز بکەنەوە، ئەمە بە جۆرێکە کە نرخی سەرجەم بەرهەمەکان لەماوەی مانگێکدا دووجار یان زیاتریش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بەرزکراوەتەوە. ئەمەش بە مانای گرانتر بوونی نرخی کاڵا هاوردەکراوە تورکیەکان دێت و کاریگەری دەخاتە سەر ئاستی ژیانی دانیشتوانی عێراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی.