شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین بەڕێوەیە

K24 – هەولێر

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینیەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێر بڵاوکردەوە، بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 28/11/2022، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، پلەی گەرما بە (1-2) پلە بەرزدەبێتەوە.

کەشناسی لەبارەی کەشوهەوای سبەی رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لەکاتەکانی ئێوارە دابارین دەستپێدەکات، سەرەتا لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم بەشێوەی تاوە باران و بروسکە  پاشان نمە باران زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان، بۆ رۆژی چوارشەممە دابارین تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئەم شەپۆلەی بارانبارین دوای ئەوەدێت هەفتەی رابردوو شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک ناوچە پەڵەی تەواوی داوە، کە بووە مایەی دڵخۆشی جووتیاران.