مەسرور بارزانی: یادی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل بەرز و پیرۆزە

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: یادی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل بەرز و پیرۆزە.

شەش ساڵ لەمەوبەر 25/9/2017، ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، سێ ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشداریان لەو راپرسیەدا کرد، کە دەکاتە زیاتر لە 72%، لە ریفراندۆم دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە زیاتر لە 92%.

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم قۆناغێكی دیكەی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو، بە تایبەت كە سەرجەم لایەنەكان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم  دووپاتكردەوە و بەڵێنیاندا هەموو تواناكانیان بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بخەنەگەڕ. لە 7ی حوزەیرانی 2017 لە سەڵاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی هەرێمی ئەوكات و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان. بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم درا و ئەنجومەنی باڵای پێکهێنرا، ئەو لایەنانەی بەشداربوون لە ئەنجومەن بریتی بوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست، پێکهاتەکان. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆژی 25ى ئەیلوولی 2017، وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاریكرا و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پێكھاتەكانیشەوە رەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم دەربڕی.