لە سەرووی ناکۆکییەکانەوە لەگەڵ رۆمیۆ هەکاری و ئایدن مەعروف

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

پێشکەشکار: ئەحمەد زاوێتەیی

ھەبوونی برا مەسیحیەکان لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لەپارێزگای موسڵ ھەڕەشەی نەھێشتن و سڕینەوەیان لەسەرە جارێک بەناوی ڕێکخراوی قاعیدە جارێکی تر بەناوی داعش ئێستاش ھەڕەشەیەکی تر بەشێوەیەکی تر بەدروستکردنی ڕەوشێکی نائارام لەو ناوچانانە بۆ دروستکردنی گرفتێکی نوێ بۆ برا مەسیحیەکان بۆ جێبەجێکردنی ھەندێ ئەجێندای تایبەت ھەرێمی کوردستان وەکو پەناگەیەکی ئارام بۆ مەسیحیان یاخود ھەر پێکھاتەیەکی نەتەوەیی یان ئاینی یاخود مەزھەبی لەبەرامبەر ھەڕەشەی نەھێشتن و سڕینەوەیان لەسەر بێت بەئامانج گرتنی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ھەندێ ناحەزان بابەتی ئەمجارەیە ھی بەرنامەی ئێمە لەسەرووی ناکۆکیەکانەوە لەگەڵ ھەردوو میوانی ئێمە بەڕێز ئایدن مەعروف وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لەحکومەتی ھەرێم

بەڕێز ڕۆمیۆ ھەکاری سکرتێری گشتی حزبی بەیت نەھرەین

بەخێرھاتن سەرچاوان

ئەحمەد زاویتەیی

کاک ڕۆمیۆ ھەکاری ئەگەر بۆمان باسی ڕووداوەکەی حەمدانیەی موسڵ بکەیت کە ھۆڵێکی شایی سووتا ژمارەیەک قوربانی زۆری لێکەوتەوە ؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

سڵاو لەبەڕێزتان و لەبینەرانی کوردستان٢٤لەھەرشوێنێک کە ھەن بەڕێزت لەسەرەتای بەرنامەکە باست کرد ھەندێجار لەڕێگای ڕێکخراوی قاعیدە و ھەندێجار لەڕێگای ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەڵام پێش ئەوان و نێوان ئەم دوو ڕێکخراوە و خۆ دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بەتایبەتی لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٥ دەستکرا بەدەرکردنی مەسیحیەکان لەناوەڕاست و خوارووی عێراق ھەرلەبەسرەو بەغدا و کەرکوک و موسڵ خەڵکی ئێمە بەدەیان و سەدان خەڵکی ئێمە کوژرا بەدەیان خەڵکی ئێمە بەبارمتە دەگیرا لەبەرامبەر پارە ئازاد دەکرا ڕێکخراوە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان لەناوەڕاست و خوارووی عێراق زیانێکی گەورە و کوشندەیان لەمەسیحیەکاندا دەتوانم بڵێم ئەگەر دە لەسەدای ئەو مەسیحیانە مابن لەناوەڕاست و خوارووی عێراق کە پێش ڕووخانی ڕژێم لەوێ دەژیان ئەمە کارەساتێکی گەورە بوو دواتر مەسەلەی حەمدانیە بەڕاستی ھەر ھەموو خەڵکی کوردستان و عێراق و خەڵکی جیھان بینیان ھەموویان نیگەران بوون بەو کارەساتە دڵتەزێنەی حەمدانیە کە خەڵک چووبوو بۆ خۆشی چوبویە ھۆڵەکە بەڵام دواتر ئەم ھۆڵەکرا بە گۆڕستان بۆیان بەسەدان خەڵک لەوێ سوتان و سەدانی تریش بریندارن بەداخەوە دەڵێم برینەکەیان سەختە و ڕەنگە ڕێژەی گیان لەدەستدان زیاتر ببێت ڕەنگە ئێستا زیاتر لە ٤٠تەرم ماوە کە تائێستا بێ ناونیشانن و لەڕێگای DNAھەوڵدەدرێت بزانن ئەم خەڵکە کەس و کارەکەی کێیە بۆ ئەوەی بچن تەرمەکانیان وەربگرنەوە بنێژرێن بەڵێ ئەمە کارەساتێکی گەورەبوو بەڵام ئەوە یەکەمین کارەسات نیە دژی خەڵکی مەسیحی لەحەمدانیە و لەسەرتاسەری عێراق وە ھیوادارم ئەمە کۆتا کارەسات بێت دژی ئێمە ھەندێجار ئێمە ھەموو کاتێک گوتومانە زوڵم لەخەڵکی ئێمە دەکرێت لەمەسیحیەکان بەشێوەیەکی گشتی لەکلد و گەلی کلدانی سریانی ئاسوری لەڕووی نەتەوەیی و ئاینیەوە زوڵممان لێدەکرێت ،.

ئێمە تاکە نەتەوەیەکین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا کە لەسەر ئاستی ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە ١٩٢١زوڵم لەئێمە دەکرێت و خەڵکی ئێمە دەردەکرێت و دەکوژرێت تەنیا لەبەرئەوەی داوای مافی خۆمان دەکەین و مەسیحین ئەمە زنجیرەیەکی زوڵم و کوشتن بەردەوامە لەساڵی ١٩٣٣ ٥٠٠٠ئاسوری لەسمێل شەھیدکران و لەساڵی ١٩٦٩ھەموو گوندی سوریا کە گوندێک بوو بەمەسیحی و خەڵکانی ترەوە ھەموویان شەھیدکران و ھەروەھا ڕووداوەکەی کەنیسەی سەیدە نەجات لەساڵی ٢٠١٠ لەناوجەرگەی بەغدا لەپێش چاوی ئەو ھەموو دەسەڵات و حکومەت و بەرپرسانە بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج سەعات تیرۆریستان خەڵکی ئێمەیان دەکوشت کەس بەھاواریانەوە نەچوو ھەروەھا دواتر ھاتنی داعش ھەموو دەشتی نەینەوا و موسڵ لەمەسیحیەکان چۆڵکرا تا گەیشتینە ئەمڕۆ،.

ئەحمەد زاویتەیی

وەکو ئەو زنجیرە ڕووداوە مێژووییەی تۆ باستکرد بۆچی مەسیحیەکان بەئامانج دەگیرێن؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

چەندەھا ھۆکار ھەیە وەکو باسم کرد ھۆکاری نەتەوەیی ھۆکاری ئاینی ھۆکاری سیاسیش و دەشتی نەینەوا وەکو ناوچەیەکی دێرین و ناوچەیەکی مێژوویی گەلی کلدانی سریانی ئاسوری ئێستا تەماعێک ھەیە لەخەڵکانی دەوروبەری دەشتی نەینەوا ھەوڵدەدەن بۆ ئەوەی مەسیحیەکان نیگەران بکەن ترس بخەنە دڵی مەسیحیەکان و تووشی دڵەڕاوکێیان بکەن بۆ ئەوەی دەشتی نەینەوا شاروشارۆچکەکانی خۆیان چۆل بکەن و کۆچ بکەن بەرەو ئەوروپا بۆ ئەوەی خۆیان بچنە شوێنەکانیان،.

ئەحمەد زاویتەیی

مامۆستا ئایدن ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان چیە بۆ مەسیحیەکان کەئەمڕۆ تەوەری بەرنامەکەی ئێمەیە؟

ھەروەھا کەمایەتیە ئاینیەکانی تر تایبەت دوای ٢٠٠٣ تووشی ھەڕەشە لەناوبردن بوونە ھەرێمی کوردستان توانیویەتی چی بکات وەکو حکومەت وەکو گەلی کوردستان نەک بەتەنیا حکومەت بۆ مەسیحیەکان و کەمەنەتەوەکانی تریش ؟

ئایدن مەعروف

پێشەکی زۆر سوپاس و منیش سڵاو ڕێزم ھەیە بۆ بەڕێزت و ستافی کەناڵی کوردستان٢٤

بەڵێ بابەتی پێکھاتەکان بابەتێکی گرنگە و ھەستیارە بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی ھەستیار مامەڵە لەگەڵ بکەین دیارە لەڕابردوودا کە لەپاش دەوڵەتی عوسمانیەوە کە ئەو حکومدارەی لەعێراق ئەو ڕژێمە کە ھاتۆتە سەر دەسەڵات نەیتوانیوە لەو ناوچانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ پێکھاتەکان بکات بەپێچەوانەوە بەشێوەیەکی بەردەوام ناکۆکی دروستکردووە لەنێوان پێکھاتەکان لەنێوان ئاین و ئاینزاکان لێرەدا کە لەھەرێمی کوردستان لەئێستادا کەپێکەوە ژیانێکی باش ھەیە لەنێوان نەتەوەکان ئاینەکان ئەمەش کە ھەنگاوێکی باشە و پشتیوانی حکومەتی ھەرێم ھەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاینەکان و کەمەنەتەوەکان و بەشداریان لەپرۆسەی سیاسی بەڵام لێرەدا ھەندێ گرفت و کێشە ھەیە بەڵام بەگشتی زۆرباشە لەگەڵ ھاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کە لە ٢٠١٤ ئەوکاتە لەشاری موسڵ لەو ناوچانە کە نەتەوەی جیاوازی تێدابوو بەتایبەتی برایانی کریستیان و کلدانی و ئاسوری لەدەشتی نەینەوا لەشەنگال برا ئێزیدیەکان و لەتەلەعفەر نەتەوەی تورکمان کە ئەمانە لەو ناوچانە بوونە ئامانجی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیانە دیاربوو ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوون ئەوکاتە لە ٢٠١٤ ھەرێمی کوردستان بەحکومەت و پەرلەمان و خەڵکەوە پێشوازی زۆرباشیان لێکرا و خزمەتکران ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گیانی یەکترقبوڵکردن لەھەرێمی کوردستان زۆر زۆر بەھێزە

شاری موسڵیش کە نەتەوە و ئاینی جیاوازی تێدایە زیاتر گرفتەکان لەم ناوچەیە دروست دەکرێت بەداخەوە لەڕابردوو و ئێستاشدا لەئاین و کەمە نەتەوەکان لەھەرێمی کوردستان لەکەمپەکان دەژین ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی خۆیان وەکو ئێزیدیەکان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شەنگال لەبەر مەترسی لەبەر مەترسی پەکەکە لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ھەرێم لەڕابردوو چەندەھا کار ئاسانی کردووە تاوەکو خەڵک بگەڕێتەوە زێدی خۆی،.

ئەحمەد زاویتەیی

نزیکەی  ١٣٠ ھەزار مەسیحی لەکاتی شەڕی داعش ئاوارەی کوردستان بووبوون ڕەوشی ئەو مەسیحیانە چۆنە لەکوردستان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کرا؟

ئایدن مەعروف

ئەوکاتە پێشوازیەکی باش کرا بەتەنیا لەبرا کریستیانەکان نەبوو بەڵکو لەکلدان سریان ئاسوری لەھەموو پێکھاتەکان  لەبرا ئێزیدیەکان و لەتورکمانەکان و کاکەیی و لەنەتەوەکانی تر لەعەرەبی سووننە ئەوانە ھەموو ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون پێشوازیەکی زۆر زۆرباش ھەبوو ئەوکات لەساڵی ٢٠١٤ کەچەندەھا کەمپ ھەبوو لەھەولێر لە دھۆک لەزاخۆ و زۆر کەمپ دروستکرا پێشوازیەکی زۆر زۆر باش ھەبوو بەڵام دوای ئازادکردنی موسڵ کە لەساڵی ٢٠١٧زۆربەی خەڵک گەڕایەوە بەڵام خەڵکێکی زۆر ماوە تاکو ئێستاش،.

ئەحمەد زاویتەیی

ئەوکارەساتەی ئەم دواییە لە حەمدانیە ڕوویدا ھۆڵی شایی برا مەسیحیەکان سووتا پتر لەسەد ھاوڵاتی گیانیان لەدەستدا سەدانی تریش برینداربوون و ژمارەیەکی زۆریش بێ ناونیشانن لەم ڕەوشەدا ھەرێمی کوردستان توانی چی بکات بۆ حەمدانیە؟

ئایدن مەعروف

بابەتی حەمدانیە کارەساتێکی زۆر گەورەبوو لەیەکەم ساتی ڕووداوەکە بریندارەکان ھێنران بۆ نەخۆشخانەکانی ھەولێر و دھۆک و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتی ھەرێم پشتگیریەکی باشیان کرد بۆ ڕووداوەکەی حەمدانیە لێرەدا بوونی پێکھاتەکان گرنگە بەڵام ئاین و پێکھاتەکان دەبنە ئامانجی لایەنە باڵادەستەکانی ناوچەکە لەڕابردوو و ئێستاش ئیدارەی موسڵ لەڕابردوو و ئێستاش نەیتوانیوە ئیدارەیەکی دادپەروەرانە بکات لەنێوان پێکھاتەی نەتەوەیی و ئاینەکان چونکە موسڵ فرە نەتەوە و فرە ئاینە ئەوە زۆر گرنگە ئەگەر سەیری ئیدارەی موسڵ بکەین بەشداری نەتەوە و ئاینەکان لەئیدارە زۆر زۆر کەمە دەبێت بەشداری بەھەموو نەتەوە و ئاینەکان بکرێت لەموسڵ و شارەکانی تریش،.

ئەحمەد زاویتەیی

بەڕێز ڕۆمیۆ ھەکاری ئەگەر زیاتر باسی ڕووداوەکەی حەمدانیە بکەین ئایا دەتوانین ھەر بڵێین بەشێکە لە زنجیرە ڕووداوەکانی مێژوو کەبەسەر مەسیحیەکان ھاتووە یاخود بابەتەکە پەیوەندی بەبێسەروبەری ئیدارەوە ھەیە کە ھۆڵێکی وا بێسەروبەر دروستکراوە کە ئاگربکەوێتەوە و جێگای ڕاکردن نەبێت مەرجەکانی سەلامەتی لەناو ھۆڵەکە بوونی نەبێت؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

ئەو زنجیرە ھێرشانەی کە کراوەتە سەر خەڵکی ئێمە لەدامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تائەمڕۆ بەڵێ بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو چونکە بەشێکی زۆری خەڵکی ئێمە کە لەڕووداوەکانی پێش ٥٠ساڵ و ٧٠ساڵ بەئامانج گیراون سوپای عێراقی ھێرشی کردۆتە سەرمان دژی خەڵکی ئێمە و کۆمەڵکوژی کردن ئەوەی حەمدانیە خەمساردی تیایە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی موسڵ و ھیچ کات ڕازی نابین و قبوڵی ناکەین کە بڵێن ڕووداوەکە قەزاوقەدەر بووە چونکە زۆر ھۆکار ھەن بۆ ئەوەی ئێمە ھەندێ گومان بکەین قسەی خەڵکی ئێمە دەڵێن ئێمە تەنیا لەفلیم شتی وامان دیوە کە لەماوەی چەند چرکەیەک ھۆڵێک لەڕێگای یاری ئاگرینی وا بسوێنن چونکە ئەم یاریە ئاگرینە لەھەموو ھۆڵێکی عێراق دەکرێت بچوکترین ئاگرکەوتنەوەشی لێنەکەوتۆتەوە بەڵام ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لەکەمترین لەنیوچرکە سەقفی ھۆڵەکە دەسوتێت و وەک ئەوەی بڵێین ئاگرباران دێتە خوارێ بۆ سەر ئامادەبوانی ھۆڵەکە دواتر بەڵێ خەمساردیەکە لەوەبوو کە ھۆڵەکە شوێنی ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠کەس بێت بەڵام یەک دەرگای چوونە ژوور و ھاتنە دەرەوەی ھەبێت،.

دوای ئەم کارەساتە دڵتەزێنە دووبارە دەستکرا بەپێداچونەوە بە پێداویستی ھۆڵەکان لەناوەڕاست و باشوری عێراق بۆ ئەوەی لەئەگەری سوتانیان قوربانی کەمی لێبکەوێتەوە دوای ئەم کارەساتە و لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق دەڵێن ئێمە ڕازی نین بەڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق بەڕاستی بەداخەوە کارێکی شەرمەزاری بوو بۆ ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوە کە کردی بەخەمساردی لێکۆڵینەوەیان کرد وەکو ئەوەی دوو کەس تووشی شەڕێک بووبن،.

ئەحمەد زاویتەیی

دوای کارەساتی حەمدانیە داواکاری مەسیحی ئەو ناوچەیە چیە لەحکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە داوایان کرد کە لیژنەیەکی بێلایەنی نێودەوڵەتی بێت لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکات چونکە خەمساردی زۆری پێوە دیاربوو لە قەزایەکی وەک حەمدانیە ئەو کارەساتە ڕوویدا ھیچ ئیجرائاتێکی توند نەکرا تەنیا ئیجرائاتێکی ڕۆتینی ئیداری نەرم کرا کە بەرپرسانی ئیداری ئەم قەزایە تاوانبارکران بەڵام تاوانباران ئەوان لەوەزارەت و باڵاترن ئێمەش وەک گەلی کلدانی سریانی ئاسوری بۆ پشتگیری کرد لەمەتڕان بندۆکتس حەنۆکە ئەو سەرپەرشتی کەنیسەی حەمدانیە دەکات ئێمەش پشتگیری لە ڕای ئەو دەکەین چونکە ناکرێت خەڵکی ئێمە کۆمەڵکوژبکرێن لێکۆڵینەوە بکرێت بەڵام ئێمە متمانەمان بە ئەنجامەکەی نیە ئینجا لێرەدا پرسیارێکی تر ھەیە ئەویش ئەوەیە بۆچی لەوکاتەدا خاوەنی ھۆڵەکە ھاردی کامێراکان دەبات و لەپەنجەرەوە ڕادەکات و دەرگاکەشی قوفڵ دەدات خەڵک نەتوانێت ڕابکات ھەموو ئەوانە شک و گومانەکانی ئێمە زیاتر کردۆتەوە،.

ئەحمەد زاویتەیی

ھەوڵی ڕاکردنی داوە و ھاتۆتە ھەرێمی کوردستان و دواتر لێرە دەستگیرکرا ئەوەش جێگای شک و گومانە؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

بەڵێ بەدڵنیایی ئەوە شک و گومانی ئێمەی زیاتر کرد ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکەش گومانی ئێمەی زیاتر کرد،.

ئەحمەد زاویتەیی

بەڕێز ئایدن لەگەڵ ڕوودانی ئەم کارەساتە لایەنێکی مەسیحی بەتایبەت ڕەییان کلدانی بەدەرفەتی زانی ھێرش بکاتە سەر ھەرێمی کوردستان تۆمەتی ئاڕاستەی ھەرێم کرد؟

ئایدن مەعروف

بەداخەوە ھەندێ لایەن لەکاتی ڕووداوەکان دەرفەت دەقۆزنەوە لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاردەھێنن ئەو بابەتە مۆرکی سیاسی لێدەدەن،.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەھەموو کاتێکدا بەرگری لەپێکھاتەی ئاین و کەمەنەتەوەکان کردووە لەکاتی کارەساتەکە ھەرێمی کوردستان دەرگای بۆ بریندارەکان کردەوە پشتیگری کردن و ئامادەیی ھەموو ھاوکاریەک بوو،.

ئەوانەی لەبەغدا کەمتر نوێنەرایەتی کەمەنەتەوەکان و پێکھاتە ئاینیەکان دەکەن تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزدەکەن و ئێمە ھەفتانە و مانگانە چاودێری دۆخی موسڵ و ئەو ناوچانە دەکەین کە فرە نەتەوە و فرە ئاینە بەداخەوە لەموسڵ ھەندێ لایەنی لەیاسا دەرچوو ھەیە کە ھێزی چەکداریشیان دروست کردووە فشار دروست دەکەن لەسەر خەڵک و دەبێت ڕێگریان لێبکرێت بوونی فرەیی نەتەوەیی و ئاینی دەبێت پارێزگاری لێ بکرێت،.

ئەحمەد زاویتەیی

مامۆستا ڕۆمیۆ ھەکاری پارێزگاری نەینەوا ھێرشی کردە سەر ڕەییان کلدانی و ڕایگەیاند کە حەمدانیە پێویستی بەحەشدی شەعبی نیە بەڕێزت وەک مەسیحیەک یاخود ھەڵوێستی مەسیحیەکانی ناوچەکە چیە لەسەر لێدوانەکەی پارێزگاری موسڵ بەرامبەر ڕەییان کلدانی؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

بەڵێ من پێموایە قسەکانی زۆر بەجێبوو پارێزگاری موسڵ پێش ئەم کارەساتە بەمانگێک نیمچە خۆپیشاندانێک ڕوویدا بەڵام ڕێگری لەپەیامنێری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرا لەلایەن حەشدی ڕەیان کلدانی،.

کاتێک خەڵکی ئێمە گەڕایەوە بۆ زێدی خۆیان لەدەشتی نەینەوا دووبارە بەھۆی ڕەفتاری نابەرپرسانەی میلیشیای حەشدی شەعبی دووبارە گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان لەھەولێر و دھۆک گیرسانەوە کەواتە ڕزگارکردنی دەشتی نەینەوا نەبوویە جێگای ھیوا بۆ خەڵکی ئێمە،.

ئەحمەد زاویتەیی

ئایا کارەساتی حەمدانیە کێشەیەکی تر بۆ خەڵکی حەمدانیە دروست ببێت و ئاوارە ببن بەرەو ھەرێمی کوردستان ؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

ئێمە ترسمان ھەیە نەک ئاوارەی ھەرێم ببن بەڵکو بەرەو ئەوروپا ئاوارە ببن ئەوەش گەورەترین مەترسیە بۆ سەر داھاتووی ئێمە یەکێک لەداواکاری کەنیسەی موسڵ و خەڵکی ئێمە ئەوەبووە کەناکرێت ئەم میلیشیانە لەدەشتی نەینەوا و بەتایبەت لەحەمدانیە بمێنن چونکە پێیان وایە مانەوەیان گەورەترین کێشەیە،.

گەورەترین ئامانجیان ئەوەیە خەڵکی ئێمە بترسێت لەدەشتی موسڵ،.

ئەحمەد زاویتەیی

بەگوێرەی سەرژمێری ژمارەی برا مەسیحیەکان پێش ٢٠٠٣ ژمارەیان یەک ملیۆن و نیو بووە بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێت ژمارەیان سەد و پەنجا ھەزارە ئایا ئەو ژمارەیە نەماوە و بەھۆی مەترسیەوە لەعێراق ڕایانکردووە و چوونەتە دەرەوە ئایا مەترسی لەسەر ئەو ژمارەیەش ھەیە کە لەعێراق و ھەرێم ماون؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

لەساڵی ھەشتاکان ژمارەی مەسیحیەکان لەنێوان ملیۆن و نیوێک بۆ دوو ملیۆن بوو لەسەرانسەری عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە بەڵام ئێستا زیاترن ھەر لەھاتنی داعش زیاتر لە ٢٠٠ھەزار خەڵکی ئێمە لەدەشتی موسڵ پەڕاگەندە بوون و ھاتنە ھەرێمی کوردستان بەبەردەوامی ٣٠٠ بۆ ٦٠٠  ھەزار مەسیحی ھەیە لەسەرانسەری عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە بەڵام ئێمە ترسمان ھەیە لەوەی بەردەوام کێشە بۆ خەڵکی ئێمە دروست دەکرێت و ڕاوەدوو دەنرێت ھەموو ئەوانە وایکردووە خەڵکی ئێمە زەوی و زاری خۆی بفرۆشێت و بڕواتە دەرەوەی ووڵات بەڵام پێویستە عێراق باش ئەو ڕاستیە بزانێت کە مەسیحیەکان خوێن و قوربانی زۆریان داوە لەپێناو دامەزراندنی ئەم عێراقە کە ئێستا پێی دەڵێن عێراقی نوێ بەڵام بەداخەوە ئێستاکە وەڵامەکەیان کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ئێمە بووە خەڵکی ئێمە ھەر لەدامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لەڕووی دارایی و ئەندازەیی ھەر لەسەرەتاوە پشت بەمەسیحەکان دەبەسترا لەئاوەدانکردنەوەی عێراق و خەڵکی غەیرە موسڵمان بەڵام بەداخەوە ئێستا وای لێھاتووە ئێستا باسی ئاخر کارەساتی دڵتەزێن دەکەین کە لەحەمدانیە ڕوویدا کەواتە ناکرێ من پێموایە حکومی عێراق بەچاوێکی مەزھەبیانە دەکرێت ئێمە کێشەی ڕۆژانەی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبینین کە وا تێدەگەین نەتەوەیەک لەعێراق حکوم دەکات بەچاوێکی بچوک سەیری نەتەوەکانی تری عێراق دەکات ئەوەش کارەساتێکی گەورەیە و وادەکات ھیچ کات عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینێت،.

ئەحمەد زاویتەیی

مامۆستا ئایدن لەئێستادا حکومەتی ھەرێم وەزارەتێکی تایبەت کردووە بەپێکھاتەکان ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن سەیری ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ پاراستنی پێکھاتەکان؟

ئایدن مەعروف

لێرەدا ڕۆڵی حکومەتی ھەرێم زۆر گرنگە کە ھەمیشە کاری کردووە بۆ پاراستنی گیان و مافی فرەنەتەوەیی و ئاینی لەئێستاشدا بوونی مەلەفێک کە لەوەزارەتێکدا کۆکراوەتەوە ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە من وەکو وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ڕۆژانە چاودێری ڕەوشی پێکھاتەکان دەکەین بەتایبەت پێکھاتەی نەتەوەیی وەکو تورکمان و کلدان و سریان و ئاشور بوونی ئەمانە زۆر زۆر گرنگە لەئێستادا ئێمە سەیردەکەین ڕۆڵی حکومەتی عێراق بەجدی مامەڵە لەگەڵ پێکھاتەکان ناکات بەداخەوە کە لەڕابردوودا چەندەھا گرفت دروست بووە لەکەرکوک کێشە دروست بووە بۆ نەتەوەکان و ئاینەکان ھەروەھا لەموسڵ ئەم گرفتانە دروست بوویەوە و حکومەتی عێراق نەیتوانی بەدادپەروەری کێشەکان چارەسەربکات و لەنوێترین کارەسات حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای موسڵ نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ڕێک و پێک مامەڵە لەگەڵ پێکەوە ژیانی فرەنەتەوەیی و ئاینی بکات بەشێوەیەکی بەردەوام گرفتیشی بۆ دروست کردوون،.

لێرەدا شتێک ھەیە کە پێویستە بڵێین نیەتی لایەنەکان زۆر زۆر گرنگە بوونی نەتەوەکان لەڕابردوو و ئێستا گرنگە بۆ ئەوەی پێویستە بەشێوەیەکی زۆر جدی زۆر بەھەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکەین لێرەدا ئێمە بەداخەوە کەلەئێستادا مەسەلەی پێکھاتەکان و کۆتا و بابەتەکانی تر براوەتە دادگای فیدڕاڵ ئەوە کارێکی ھەڵەیە لەئێستادا کەبارودۆخی پێکھاتەکان لەئاستێکی زۆرباشدایە و پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی بێ کێشەیە،.

بەپێچەوانەوە ئەوانەی لەسەر پشکی نوێنەرانی کلدان و سریان و ئاشور و تورکمان چونەتە پەرلەمانی عێراق نوێنەرایەتی ئەو نەتەوە و ئاینانە ناکەن لەھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ دەستێوەردان لەکاروباری پێکھاتەکان ھەبووە ئەوانەش ھەمووی گرفتە کە ھیچ کاتێک پێکھاتەکان وە نەتەوەکان مەترسی نین لەسەر لەسەر عێراق و لەسەر ناوچەکەش تەنیا تەواوکاری دیموکراسی و مافی مرۆڤن لەبەرئەوە پێویستە کەبوونیان لەو ناوچانە ئیدارەی ئەو ناوچەیە بەشێوەیەکی ھەستیار مامەڵە لەگەڵ بوونیان بکات،.

ئەحمەد زاویتەیی

ئایا حکومەتی عێراق ھاوکاری ھەرێم دەکات یاخود لاوازە بۆ پاراستنی ئەو پێکھاتانە؟

ئایدن مەعروف

ڕێککەوتنی شەنگال ھەیە ئەوە تایبەتە بەشەنگال ئەگەر جێبەجێ بکرێت لەوانەیە برا ئێزیدیەکان کە ئێستا ئاوارەبوونە و لەکەمپەکان دەژین ئەوانە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بەڵام بەداخەوە ئەو ڕێککەوتنە دووساڵە ڕێککەوتن کراوە لەنێوان ھەولێر و بەغدا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەبواری پراکتیکدا کاری لەسەر ناکرێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر ڕەوشی برا ئێزیدیەکان دەکات لێرەشدا دەردەکەوێت ئەو ھەماھەنگیە لەنێوان لایەنەکان نیە بۆ پاڵپشتی پێکھاتەکان،.

جگە لەو ڕێککەوتنەش چەندینی تر ھەبووە نەچۆتە بواری جێبەجێکردن،.

ئەحمەد زاویتەیی

ئەوانەی باست کرد لەعێراق نین ئایا لەھەرێمی کوردستان ھەیە؟

ئایدن مەعروف

لەھەرێمی کوردستان وەکو گوتم بەشداربوونێکی باش ھەیە لەپرۆسەی سیاسی لەدەرکردنی بڕیارە سیاسیەکان لەناو حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداربوونی فرەنەتەوەیی و ئاینی ھەیە کلتوری بەیەکەوە ژیان لەھەرێم زۆر بەھێزە ئەوەش گرنگە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەھەموو کات زیاتر پاڵپشتە بۆ بەھێزبوون و بەردەوامی بەیەکەوە ژیان بوونی مەلەفی فرەنەتەوەیی و ئاینی ئەوە خاڵێکی پۆزەتیڤ و گرنگە پێشتریش داوامان کردووە حکومەتی عێراق لەمەلەفی فرەنەتەوەیی و ئاینی ئەزمونی ھەرێم دووبارە بکاتەوە بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان بکرێت،.

ئەحمەد زاویتەیی

مامۆستا ڕۆمیۆ ھەکاری ماوەیەک پێش ئێستا ناکۆکی لەنێوان لویس ساکۆ و ڕەییان کلدانی ھەبوو بابەتەکە گەیشتە ئەوەی سەرۆک کۆماری عێراق فەرمانێک دەربکات و ڕایگەیاند کە لویس ساکۆ ھیچ پۆستێکی نیە ئایا ئەوەش ھەر یەکێکە لەو زنجیرە ھێرشانە ئایا ئەو ناکۆکیە بوویە ھۆی ڕووداوەکەی حەمدانیە؟ ئەگەر بۆمان باس بکەیت ئەو ڕووداوە لەسەرچی بوو بۆچی بوو؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

ھەرکاتێک دوو ڕووداو لەنزیکی یەکتر ڕوویاندا و ھەردووکیان خراپن دژی خەڵکانێک کرابن لەو شوێنەی لێی دەژین نیگەرانی لێدەکەوێتەوە بەچاوێکی دوژمنکارانە سەیر دەکرێت جا ئەگەر ڕووداوەکە لەسەر ئاستی نەتەوەیی بێت یان ئاینی بەڵێ من پێموایە مەسەلەی فەرمانەکەی بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق کە مەرسومی کۆماری بۆ پاتریاکی کلدان لویس ساکۆی ھەڵوەشاندەوە بەڕاستی کارێکی باش نەبوو کارێک بوو نە کاتەکەی باش بوو نە خودی کردارەکە کە ھەڵوەشاندنەوەی مەرسومەکە باش نەبوو ئەوەش وایکرد کاردانەوەی زۆری لەسەر دروست ببێت،.

ئەحمەد زاویتەیی

مەرجەعبوونی دینی لەناو ئاینەکان بڕیارێکی حکومیە تا سەرۆک کۆمار بڕیاربدات یاخود بابەتەکە گرێدراوی ئاینەکەیە بۆ نمونە مەسیحیەکان؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

من پێموانیە بەبڕوای شەخسی خۆم بوونی مەرسوم یاخود نەبوونی ھیچ کاریگەری ناکاتە سەر کارەکانی لویس ساکۆ چونکە ئەوە کاری سەرۆک کۆمارنیە ئەم بابەتە بەسەدان ساڵ پێش ئێستا ھەر لەکاتی دەوڵەتی عوسمانی مەسیحیەکان لەتورکیا بوونە بەڵام بەداخەوە ھەڵوەشاندنەوەی ئەم مەرسومە لەکاتێکدا بوو کە کێشە ھەبوو لەنێوان ڕەییان کلدانی و لویس ساکۆ ھەموو کاتێکیش لەنێوان ئەم دوو بەڕێزە کێشە ھەبووە لەسەر زۆرێک لەبابەتەکان و زۆرجاریش قسەی کەسیان لەسەریەک کردووە ئەوەش شتێکی ھەڵەبووە من پێموایە ئاستی پاتریان زۆر لەوە گەورەترە ھەر پۆستێک و بەرپرسیارێتیەکی ھەبێت بەڵام کێشەکە کەمێک تێکەڵی لایەنی سیاسی کرا لەگەڵ ئاین قسە و لێدوانی ھەردوولا جێگای نیگەرانی بوو بەڵام جارێکی تر ئەوە دووپات دەکەمەوە کە پاتریاک ساکۆ زۆر لەوە گەورەترە کە ھەڵوەشاندنەوەی ئەم مەرسومە کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی ئاینی پاتریاک نابێت،.

ئەگەر لایەنی بەرامبەر ھەوڵبدات ئەملاکی کەنیسە لە لویس ساکۆ بسەنێتەوە ئەوە قسەی لویس ساکۆیە ئەوەش زوڵمێکی گەورەیە!!!

ئەحمەد زاویتەیی

لەم کاتەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کریستیانەکان ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت وەکو ڤاتیکان؟

ڕۆمیۆ ھەکاری

وەڵا بەداخەوە تا ئێستا ھیچ ڕۆڵێکی ئەرینی نەبینراوە تەنیا ھەڵوێستێکی جدی لەلایەن ڤاتیکان و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا ھیچ وەک پێویست نەبوو تەنیا ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێم لەبەرژەوەندی پاتریاک لویس ساکۆ بوو بەگشتی ھەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیران ڕۆڵ و نیگەرانیان لای ئێمە جێگای دڵخۆشی بوو بەرگریەکی سەرسەختانە بوو مەگەر مەسیحیەکان خۆیان بتوانن بەو شێوەیە بەرگری لەپاتریاکی خۆیان بکەن،.

ناکرێت ئەم کێشەیە تێکەڵی کارەساتی حەمدانیە بکرێت بۆ ئەوەی لەگەورەیی ھیچیان کەم نەکرێتەوە بەپێچەوانەشەوە،.

ئەحمەد زاویتەیی

مامۆستا ئایدن ھەردوولاتان باسی ڕۆڵی حکومەت و خەڵکی کوردستانتان کرد لەھەموو قۆناغە سەختەکان ھەموو دەوڵەت و ڕێکخراوە ڕۆژئاواییەکان شاھیدی باشەیان بۆ ھەرێمی کوردستان داوە ئایا لەبەرامبەر ئەو ڕۆڵە ئەوان ھەڵوێستیان چی بووە بۆ ھەرێمی کوردستان؟

ئایدن مەعروف

بوونی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان لەھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە ئەوەش مێژوویەکی دێرینی ھەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ کلتوری یەکترقبوڵکردن لای خەڵکی کوردستان ئەم یەکترقبوڵکردنە تائێستاش بوونی ھەیە بەشداربوونیان لەپرۆسەی سیاسی زۆر گرنگە حکومەتی ھەرێم پشتگیری لەھەموو ماف و خواستەکانیان کردووە بەپێچەوانەوە لەبەغدا ڕۆژانە کێشەیان ھەیە دەبێت لەعێراق پێداچونەوە بکرێت بەدۆخی ژیانی ڕۆژانەیان،.

سەبارەت بەپرسیاری بەڕێزت ھەرێمی کوردستان باوەڕی بەیەکەوە ژیان ھەیە و بۆ ئەمریکا و ئەوروپا ئەم کارە ناکات کلتوری بەیەکەوە ژیان و ژن و ژنخوازی لەنێوان نەتەوەکان ھەیە و خوێنیان تێکەڵ بووە ئەوەش جێگای دڵخۆشیە دووبارەی دەکەمەوە پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و ئاینەکان جێگای شانازیە لای خەڵکی کوردستان،.

ئەحمەد زاویتەیی

مامۆستا ئایدن مەعروف وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی بەڕێزت

مامۆستای بەڕێز ڕۆمیۆ ھەکاری سکرتێری گشتی حیزبی بەیت نەھرەین من زۆر زۆر سوپاسی تۆش دەکەم بۆ ئامادەبوونت

بینەرانی خۆشەویست سوپاس بۆ ئێوەش بۆ بینەربوونتان تا ئەڵقەیەکی تر دەگەینەوە یەک ھین بەخێر و سەڵامەت.