عومەر بچكۆڵ: دەمەوێت لە گۆرانی گوتنەوە بچمە نێو جیهانی کۆمیدیا

هونەرمەند عومەر حەمە عەلی ناسراو بە عومەر بچكۆڵ
هونەرمەند عومەر حەمە عەلی ناسراو بە عومەر بچكۆڵ

K24 – هەولێر:

هونەرمەند "عومەر حەمە عەلی" ناسراو بە عومەر بچكۆڵ، لەم چاوپێكەوتنێکدا بۆ كوردستان24: دەڵێت، خزمەتكردنی هونەری كوردی ناو و ناوبانگی پێبەخشیووە. هاوکات گوتیشی: رۆژانە كەسانێك دێن بۆ لام و پێمدەڵێن بە نوكتە و كارە هونەرییەكانت دڵخۆش دەبین.

یەكێكە لەو هونەرمەندانەی بە گێڕانەوەی نوكتە، هەروەها نواندن و گۆرانی گوتن بەناوبانگە ماوەی 38 ساڵە خزمەتی هونەری كوردی دەكات، لەوبارەیەوە عومەر بچکۆڵ دەڵێت: لەئێستادا زۆر ئارەزووی هونەری نواندنی كۆمیدیا دەكەم زۆر حەز بەگۆرانی گوتن ناكەم، لەم دیدارەدا هونەرمەند بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی "کوردستان24"ـی دەداتەوە.

كوردستان24: دەستپێكی كاری هونەری گۆرانی گوتنت بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

عومەر بچكۆڵ: 38 ساڵ پێش ئێستا یەكەم كاریی هونەری گۆرانی گوتن لەگەڵ تیپی هونەری (هاژە) تۆماركردووە، كە لە تەلەفزیۆنی كەركووك پەخشدەكرا. لەساڵی 1974 لەگەڕەكی چوارباخ لەسلێمانی لەدایك بووم لە منداڵیەوە بەهرەی هونەریم تێدابووە.

كوردستان24: بۆ یەكەمجار چۆن دەستتكرد بە گۆرانی گوتن لە شەوە ئاهەنگەکاندا؟

عومەر بچكۆڵ: ساڵی نەوەت لەهۆڵی (سەرسیر) لە شاری سلێمانی بەشداریی یەكەم شەوە ئاهەنگم كردووە  لەگەڵ هەریەك لە هونەرمەندان عەلی یارە و جەزایی ساز، ئەوكات هەردوای نانی ئێوارە ژن و مێر دەهاتن و تا درانگانێكی شەو دەمانەوە ئێمەش گۆرانیمان بۆ دەگوتن، ساڵانی دواتریش بەشداریی زۆرینەی ئاهەنگەكانی بووك و زاوام لە شاری سلێمانی كردووە تا ئەم ساڵانەی دوایش بەردەوام بووم.

كوردستان24: بەشداریی كاری هونەری نواندنیشت كردووە؟ ئەمەشیان باس بكە.

عومەر بچكۆڵ: لەسەرەتایی نەوەتەكانەوە بەشەداری یەكەم كاری نواندم كردوە لە فیلمی (ژیان و خۆشەویستی)  پاشان بەرنامەی زەنگ و زنجیرە درامایی فەنتەڵۆس و ماڵەكەی مەعروف و لە فیلمی بەخت ڕەشیش بەشدار بووم.

كوردستان24: بەگێڕانەوەی نوكتە و قسەی خۆش بەناوبانگیت ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

عومەر بچكۆڵ: بەناوبانگی من لە گێڕانەوەی نوكتەدا بۆ ئەوكاتە دەگەڕێتەوە كەلەگەڵ باو باپیرانم دادەنیشتم و گوێم دەگرت كەسێكیان دەهێنا قسەخۆش بوو قسەی دەگێڕایەوە ئیتر منیش لەوكاتەوە ئەو قسانە و ئەو كەسانە سەرنجیان رادەكێشام ئەوە هۆكارێك بووە بۆ نوكتە و قسەخۆشەكانم كە سەدان نوكتەم لەمێشکدایە، بەشێك لەنوكتەكان چیرۆكی ژیانی خۆمن و روویانداوە لەژیانمدا.

كوردستان24: كێ لە خێزانەكەت قسەخۆش بووە؟

عومەر بچكۆڵ: باوكم كاتێك دەچوو بۆ كڵاوێن و گۆرەوی بازی بیرمدێت منداڵ بووم قسەی خۆشی دەكرد و خەڵكی دەیاندایە پێكەنین هەربۆیە منیش حەزم دەكرد وەك ئەو بم قسەی خۆش بۆ خەڵكی بگێرمەوە.

كوردستان24: هۆكار چیە لەگێڕانەوەی ئەو قسە و نوكتانە؟

عومەر بچكۆڵ: مەبەستم لەگێڕانەوەی ئەو نوكتە و قسانە بۆئەوە دەگەڕێتەوە دەمەوێت خەڵكی دڵخۆش بن خەڵکی زەردەخەنە لەسەر لێویان بێت  هیچ مەبەستێكی دیكەم نی یە.

كوردستان24: لەئێستادا زیاتر ئارەزووی كاری هونەری نواندن دەكەیت یان گۆرانی گوتن؟

عومەر بچكۆڵ: پێشتر یەكەم دەسپێكم بە گۆرانی گوتن بوو، بەڵام لە ئێستادا زۆر حەزدەكەم بەشداری كاری هونەری نواندن بكەم، بەتایبەت هونەری كۆمیدیا ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە، كە تەنیا حەزێكە لەناخمدا.

كوردستان24: كاری هونەری چی بە ئێوە بەخشیووە؟

عومەر بچكۆڵ: كارە هونەریەكانم و دەركەوتنم دەستكەوتی ماددی بەمن نەبەخشیوە، بەڵام ناو و ناوبانگی بەمن بەخشیوە، كە رۆژانە كەسانێك دێن بۆ لام و دەڵێن: "بە فڵانە قسە و نوكتەی تۆ، یان فڵانە بەرنامەت زۆر دڵخۆش بووم، رۆژانە بەرهەكانت دەبینم دڵخۆش دەبم".

كوردستان24: نێوانت لەگەڵ هونەرمەندان چۆنە؟

عومەر بچكۆڵ: نێوانم لەگەڵ  سەرجەم هونەرمەندان زۆرباشە بەتایبەت لەگەڵ هەردوو هونەرمەند "دانا عەبدول جەبار و عیرفانی وەستا محەممەد"، كە هەردوو كیان وەك دوو برامن.

كوردستان24: لەگەڵ كارە هونەرییەكانت چی كارێكی دیكەت كردووە؟

عومەر بچكۆڵ: زۆر كارم كردووە هونەرمەند بووم، هەروەها وەك كرێكار، فیتەریم كردووە یان شۆفێری تاكسی بووم، لەگەڵ كارە هونەرییەكانم زۆرترین كارمكردووە ، ئێستاش لەكۆمپانیایەك كاردەكەم.

كوردستان24: بۆچی ناوت عومەر بچكۆڵە؟

عومەر بچكۆڵ: لەشوێنك كارمدەكرد سەرجەمان 15 كەس دەبووین شەش بۆ حەوت كەسمان ناویی عومەربوو یەكیان بەناوی عومەر لێوكەڵ بوو، عومەر باڵابەرزمان تێدابوو یان عومەرە رەش عومەرە خڕە و عومەر ئەوبەری و عومەرە سوور و منیش ناونرام عومەرە بچكۆل، كە لەهەموویان بچوكتر بووم لەتەمەندا.

كوردستان24: زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە.