ژمارەیەکی دیکەی گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ کەوتە بەر دیدی خوێنەران

K24 - هەولێر

ژمارەی 10ی گۆڤاری کرۆنیکڵ کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی، کە چەندین بابەتی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت و ژمارەیەک نووسەری ناوخۆ و بیانی نووسیویانە.

بەرگی گۆڤارەکە، کە ژمارەی مانگی تشرینی دووەمە، بریتییە لە وێنەی بەڕوویەک وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگیدان بە بووژاندنەوەی دارستانەکانی بەڕوو لە هەرێمی کوردستان، وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

یەکێکی دیکەی لە بابەتە سەرەکییەکانی گۆڤارەکە، برتییە لە خەباتی هاوبەشی کوردستان و بەریتانیا کە تیشکدەخاتە سەر بەشداریکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بۆریس جۆنسۆن لە کۆربەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاشتی  و ئاسایشی، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە شاری دهۆک لە 20ی تشرینی دووەم رێکخرا، کە چەندین سەرکردە و توێژەر و لێکۆڵەری بیانی بەشدارییان تێدا کرد.

هەر لەو ژمارەیەی گۆڤارەکە، بابەتیکی دیکە لەلایەن ئیسلام یووسفەوە نووسراوە بە ناوی "پیشەسازی هەنار" تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هەناردەکردنی هەنار بۆ بازارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ، گۆڤارێکی مانگانەیە، بە زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستان دەردەچێت، گرنگی دەدات بە بابەتە گرنگە سیاسی، کولتووری، مێژوویی، بازرگانی و زۆر بابەتی دیکەی هەمەڕەنگ لە هەرێمی کوردستان، هاوکات رۆژانەش لە ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا، چەندین بابەتی نوێ بڵاودەکەنەوە.