گوتێرێس لهبارهی غهززهوه: کاتی ئەوەیە چەکەکان بێدەنگ بکرێن
K24 – هەولێر:
سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، پێویستە رێگە بدرێت بارهەڵگرەکان لە دەروازەی سنووری رەفەح کە دەکەوێتە سەر سنووری کەرتی غەززە و میسر بپەڕنەوە و هاوکاریی مرۆیی بگەیننە کەرتی غەززە. ههروهها گوتیشی: "کاتی ئەوەیە چەکەکان بێدەنگ بکرێن".
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس لە سەردانێکیدا بۆ میسر ئاماژەی بەوەشدا، کارەساتی مرۆیی لە کەرتی غەززە روو لە زیادبوون دەکات و ئێستا لەپێناو مانگی رەمەزان و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان، پێویستە ئاگربەست رابگەیندرێت و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس ههروهها گوتی: "هەموو جیهان دان بەوە دەنێن ئێستا کاتی ئەوەیە چەکەکان بێدەنگ بکرێن و راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێی مرۆیی زامن بکرێت".
ههروهها گوتیشی: "فڕۆکەخانەی عەریش و دەروازەی رەفەح رێرەوی گرنگن بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە، بەڵام ئەو رێرەوانە گیراون. لە لایەکی دیكهوه سنوورەکە تا چاو دەبینێت بارهەڵگرەکانی هاوکاری مرۆیی رێگریان لێکراوە و دۆخی مرۆیی له غهززهش تا دێت خراپتر دەبێت. بۆیە ئێستا کاتی ئاگربەستێکی دەستبەجێی مرۆییە و هەروەها لەپێناوی مانگی رەمەزان، داوا دەکەم دەستبەجێ و بەبێ مەرج بارمتەکان ئازاد بکرێن و پێویستە نەهامەتییەکان کۆتاییان پێ بهێندرێت".
نزیكهی 170 رۆژە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە، نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی درێژەکێشانی شەڕو نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی سڤیلی ئەو کەرتە هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی دەدەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی برسییهتی و نەخۆشی.
خەڵکی غەززە بەدەست کەمئاوی و کەمخۆراکی دەناڵێنن، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە، لەکۆی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بەلایەنی کەم 576 هەزار کەس واتا 25% دانیشتووانی ئەو کەرتە بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک رووبەرووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە.
رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.