فەرمانبەران ستایشی پڕۆژەی "هەژماری من" دەکەن

K24 – هەولێر:

فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر لە پێش هەمووانەوە ناویان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکرا، ئەوان نزیکەی ساڵێکە لەو رێگەیەوە مووچەکانیان وەردەگرن، پەیامنێری کوردستان24 چووەتە نەخۆشخانەکە و لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانە قسەیکردووە کە لەرێگەی هەژماری بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن.

هادی محەممەد، فەرمانبەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بانکانەی کە لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن چەندین خزمەتگوزارییان پێشکەشی بەشداربووانی پڕۆژەکە کردووە، ئەوانەشی رەخنە لەم پڕۆژەیە دەگرن ئەوا لەم پڕۆژەیە تێنەگەیشتوون.

فەرمانبەرێکی دیکە بە ناوی سۆز عومەر دەڵێت: خۆزگە چەندین ساڵ لەمەوبەر بباینە خاوەن ئەو هەژمارە بانکییە، ئەو کارتە بانکییە زۆر سوودی هەیە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە دەرەوەی وڵات پارەت بۆ بنێرن، عمولەکەشی نرخەکەی زۆر کەمە.

پڕۆژەی ھەژماری من یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئاسانکاری بۆ فەرمانبەران دەکات لە سوودمەندبوونیان و ئاسانکاری لە خزمەتگوزارییەکانی بانکی کە لە بانکەکان ھەبێت بڕیار واییە پێش کۆتای ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن ھەژماری خۆیان.