ڕامی عەبدولڕەحمان: پلانەکانی ئێران و میلیشیاکانی لە سووریا ئاشکران و ناتوانن وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە

رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەدا، دۆخی سووریا گەشتووەتە خراپترین ئاست، هەروەها پلانەکانی ئێران و میلیشیاکانی لە سووریا ئاشکران و ناتوانن وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دوای هێرشەکەی سەر دیمەشق، بارودۆخەکە خراپتر بووە، بەهۆی ئەم هێرشە ئێران زۆر توڕە بووە و دەیەوێت بە توندی وەڵام بداتەوە، چونکە کوشتنی یەکێک لە سەرکردەکانی، ئەو وڵاتە دەخاتە بارودۆخێکی شکستخواردووەوە

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: کاردانەوەی هێرشەکەی دیمەشق زۆر خراپ دەبێت، دوای ئەو هێرشە هەوڵێک هەبوو بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی تەنەف بە درۆن، بەڵام درۆنەکە خرایە خوارەوە، ترسی ئەوە لە ئارادایە کە ئێران هێرش بکاتەوە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی کە بارەگای مۆسادی لێیە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، باسی لەوەش کرد،  ئێران زۆر چاک دەزانێت کە مووشەکەکانی دەتوانێت وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بکاتە ئامانج نەک ناوچەیەک کە مۆسادی لێ نییە، هەروەها دەتوانێت بنکەی کارەبای ئیسرائیل بۆردومان بکات، بۆیە پێویستە وەڵامەکەی ئێران لە ئاستی هێرشەکەدا بێت.

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو، ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی حزبووڵڵاوە لەسەر حیسابی خەڵکی لوبنان، شەڕەکە فروانتر بکات. نازانم بۆچی دەبێت خەڵکی لوبنان، سووریا و عێراق باجی ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بدەن؟

ڕامی عەبدولڕەحمان، گوتیشی: ئێران ئێستا ناچارە وەڵام بداتەوە، چونکە زۆرێک لەوانەی لە سووریا هەن هێرش دەکەنە سەر ئێران و دەڵێن بە ناوی تۆ هێرش کراوەتە سەر سووریا تۆ بۆ وەڵامت نییە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر پێگەکانی ئێران لە سووریا. میدیای فه‌رمی ئێران ڕایگه‌یاندووه‌، له‌ ئه‌نجامی هێرشەكەدا هه‌شت كه‌س له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق كوژراون.