دوای جەژنی رەمەزان سەرۆکی پارتی 'یەنیدەن رەفا' سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

فاتیح ئەرباکان, سەرۆکی پارتی 'یەنیدەن رەفا'
فاتیح ئەرباکان, سەرۆکی پارتی 'یەنیدەن رەفا'

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پارتی یەنیدەن رەفا دەڵێت، دوای جەژنی رەمەزان، سەرۆکی پارتەکەیان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئاماژە بەوەش دەدات، پێویستە هەموو زمانەکان لە تورکیا پارێزراو بن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 08-04-2024، محەممەد ئەلتینۆز، کاندیدی شارەوانی ئیستانبوڵی پارتی یەنیدەن رەفا و جێگری سەرۆکی ئەو پارتە؛ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای جەژنی ڕەمەزان، فاتیح ئەرباکان، سەرۆکی پارتەکەیان، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ هەندێک لایەن و کەسایەتیی سیاسی کۆدەبێتەوە.

محەممەد ئەلتینۆز گوتی، "دڵخۆشی دراوسێکانمان دڵخۆشی ئێمەیە و خەمەکانیان خەمی ئێمەیە. لە هەرێمی کوردستان برامان هەیە و لەگەڵ ئەو برایانەدا مافمان هەیە. لە سەردەمی مامۆستا ئەرباکانیەوە پەیوەندیمان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە؛ ئێمە بەردەوامین لەم پەیوەندییانە".

بە گوتەی محەممەد ئەلتینۆز، "دوای جەژنی ڕەمەزان، سەرۆکمان (فاتیح ئەرباکان) سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. زۆر جاریش لەوێوە بانگهێشت دەکرێین".

لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، جێگری سەرۆکی یەنیدەن رەفا گوتی، "سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا. ئەگەر کەموکورتییەک لە بواری مافی مرۆڤ لە تورکیادا هەبێت، پێویستە هەموومان چاودێری ئەم کەموکوڕییە بکەین. دەبێت تورکیا سیاسەتی خۆی هەبێت لەسەر ئەو زمانانەی کە لە تورکیا قسەیان پێدەکرێت. پێویستە هەموو زمانەکانمان بە پشتیوانی دەوڵەت پارێزراو و پەروەردە بکرێن".