باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق: لویس ساکۆ لە هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی باشی لەگەڵدا کراوە

ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق
ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق لەبارەی گەڕانەوەی کاردیناڵ لیوس ساکۆ پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان بۆ بەغدا بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو ماوەیەی لەهەرێمی کوردستان بوو، لەلایەن حکوومەتەوە زۆر باش مامەڵەی لەگەڵ کراوە، ئەوەش نیشانەی کراوەیی و تێگەیشتوویی حکوومەتی هەرێمە.

ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە بە گەڕانەوەی کاردیناڵ لیوس ساکۆ پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان بۆ بەغدا دڵخۆشین، ئەو چاوپێکەوتنێکی باشی لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی هەبوو.

باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، دەڵێت: پاتریارک لویس ساکۆ کەسایەتییەکی گرنگی کۆمەڵگەی کریستیانەکانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو سەرۆکی کۆمەڵگەی کلدانیی کاسۆلیکییە.

ناوبراو گوتیشی: لویس ساکۆ لە نۆ مانگی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان،  لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە زۆر بە باشی پێشوازیی کرا و مامەڵەی لەگەڵدا کرا، ئەوەش گەواهیدەری کراوەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر بە کریستیانەکان و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە.

ماوریتزیۆ گرێگانتی، ئەوەشی خستە ڕوو، سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەکات، بۆ گەڕاندنەوەی لویس ساکۆ، چونکە کریستیانەکانیش پێکهاتەیەکی گرنگی عێراقن.