نوێترین زانیاری لەبارەی ستافەكەی نزار مەحروس

نزار مەحروس راهێنەری سووری نوێی یانەی نەورۆز
نزار مەحروس راهێنەری سووری نوێی یانەی نەورۆز

یانەی نەورۆز بە فەرمی دەستبەكاربوونی نزار مەحروسی سووری وەكو راهێنەری نوێی یانەكە لە شوێنی وەلی كەریم راگەیاند.
وەلی كەریم دوای 4 ساڵ لە راهێنەرایەتی نەورۆز، لە دوایین یاریی كاتێك لە نێو یاریگەی خۆیان بەرامبەر زاخۆ دۆڕان راستەوخۆ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە راهێنەرایەتی یانەكە راگەیاند.
یانەی نەورۆز دوای دوو رۆژ لە گفتوگۆیەكانی توانی لەگەڵ نزار مەحروس راهێنەری پێشووی یانەكانی هەولێر و زاخۆ بكەوێتە رێككەوتن، بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 ئەو راهێنەر دوو رۆژی دیكە دەگاتە شاری سلێمانی و یانەكە بۆ رووبەڕبوونەوەی یانەی مینا ئامادە دەكات كە بڕیارە لە رۆژی 24ـی ئەم مانگە لە شاری بەسرە یارییەكە بەڕێوە بچێت.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە كوردستان24ـی راگەیاند ساید سویدانی سووری وەكو یاریدەدەری تەلال بلوشی لە یانەی زاخۆ رۆیشتووە و جارێكی دیكە بۆ كاری یاریدەدەری دەگەڕێتەوە لای نزار مەحروس، بەوپێیەی پێشتر ئەو دووانە لە یانەكانی هەولێر و زاخۆ، تەنانەت لە هەڵبژاردەی سوریا و خولەكانی لوبنان و ئیماراتیش وەكو یاریدەدەر و راهێنەر بەیەكەوە كارییان كردووە.
پرسیار عەبدولڕەزا وەكو یاریدەدەری دووەم هاوشانی راهێنەری گۆڵپارێزەكان و راهێنەری توانای جەستەیی لە یانەی نەورۆز دەمێنێننەوە.
نزار مەحروسی 61 ساڵ، پێشتر نازناوی خولی نایابی عێراقی لەگەڵ یانەی هەولێر بەدەستهێناوە، دوایینجاریش راهێنەری یانەی زاخۆ بووە، لەم وەرزەش ئۆفەری چەندان یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراقی ڕەتكردووەتەوە، بەڵام هەمیشە گوێی لەو ئۆفەرانە گرتووە كە لە یانە كوردستانییەكان پێیگەیشتووە.

.