خوسرەت سادق، ڕێگەی هامڵتۆن نۆژەن دەکرێتەوە

خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، ئەمساڵ ڕەزامەندی لەسەر هەشت کیلۆمەتر لە کاری چاککردنەوە و قیرتاو کردنی ڕێگەی هامڵتۆن دراوە.

ئەمڕۆ شەممە، 20ـی نیسانی 2024، خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە میانی هەواڵێکی کوردستان24 ڕایگەیاند، بایەخ بە ڕێگەی سەرەکی هامڵتۆن کە شاڕێی نێوان  ئێران و هەرێمی کوردستانە، ئەو بەشەی کە چاک دەکرێتەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، درێژییەکەی 90 کیلۆمەترە و لەو ڕێژەیە 10 کیلۆمەتری لە نێوان سپیلک بۆ خەلیفان دەکرێت بە دووساید.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "ئەو بەشەی کە دەمێنێتەوە 80 کیلۆمەترە لە شارۆچکە خەلیفانەوە بۆ حاجی ئۆمەران بەردەوام کاری چاککردنەوەی بۆ دەکرێت." گوتیشی، "ساڵانی ڕابردوو بەشێکی بەرچاوی ئەم ڕێگەیە چاک کراوەتەوە و قیرتاوی بۆ کراوە، بەتایبەت ئەو بەشەی کە دەکەوێتە چۆمان -حاجی ئۆمەران."

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی لەو نێوەندەدا کاری درووستکردنی ئەم دووسایدەی کێشەی تێ دەکەوێت بەهۆی سەختیی ڕێگەکە، بەڵام ئەوەی ئێستە ئێمە باسی دەکەین ڕێگە کۆنەکەی هامڵتۆنە. لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 2020، نزیکەی 14 کیلۆمەتر کاری چاککردنەوە و قیرتاوکردنی بۆ کراوە."

خوسرەت سادق دەڵێت: "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران، لە ساڵی  2021 دەستمان بە کار کردووە لەم ڕێگەدا، یەکێک لە ئەولەویاتەکانی ئێمەش پێش دەستبەکاربوونمان، کارکردن بوو لەسەر ڕێگەی هامڵتۆن، لەگەڵ ئامادەکردنی دەرخستە بۆ ئەو شوێنانە کە تێکچوون لە سیانە و قیرتاوکردن".

ڕاشیگەیاند، "لە ساڵانی ڕابردوو بەشێکی ڕێگەکانمان چاک کردووە بە دووبارە کردنەوەی قیرتاوکردن و لە ساڵی 2023 لە چەند شوێنێکی جیاواز بە نزیکەی 10 کیلۆمەتر کاری چاککردن و قیرتاوکردن تێیدا کراوە لەگەڵ چەند دەرخستەمان بەرزکردووەتەوە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەشێکیان ڕەزامەندی وەرگیراوە."

ئاشکراشی کرد، "بۆ ئەمساڵ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر دراوە هەشت کیلۆمەتر لە 20 کیلۆمەتر، کە ئەویش کاری چاککردنەوە و قیرتاو کردنی تێیدا بکرێت."