شوکری جەمیل: پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی رحا دەدەین

شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شاری رحا لە دهۆکە
شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شاری رحا لە دهۆکە

K24 - هەولێر

شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شاری رحا لە دهۆکە. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک دەڵێت، پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی رحا دەدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-04-2024، شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شاری رحای باکووری کوردستان سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆکی کرد.

شوکری جەمیل نووری، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئالوگۆڕی بازرگانی لە نێوان بازرگانانی هەردوو شاری رحا و دهۆک زۆر باشە و چەندین ساڵە بازرگانەکانمان سەردانی ئەو شارە دەکەن و کەلوپەل لەوێوە هاوردەی شاری دهۆک و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەن".

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی رحا، گوتی، "لە کۆبوونەوەکەماندا گفتوگۆمان کرد لەبارەی ئەوەی چۆن بتوانین پەیوەندییە بازرگانییەکەی نێوانمان باشتر بکەین".

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک ڕاشیگەیاند، "داوامان لە شاندەکە کرد هاوکاربن بۆ دابەزاندنی نرخی ڤیزەی تورکیا، چونکە نرخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە ئەمەش کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر چوونی گەشتیار و بازرگانانی شاری دهۆک و هەموو شارەکانی دیکەی عێراق بۆ تورکیا".

شوکری جەمیل ئاماژەی بەوەش کرد، "شاندەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی رحا سەردانی کارگە و ناوچە پیشەسازی و گەشتیارییەکانی دهۆک و دەوروبەری دەکات. ئێمەش بە فەرمی بانگهێشتکراوین بۆ ئەوەی سەردانی رحا بکەین و لەوێ کارگە، ناوچە پیشەسازی و گەشتیارییەکانی پارێزگاکە بەسەر دەکەینەوە بۆ ئەوەی سوود لەو پێشکەتنە وەربگرین کە لەوێ هەیە".

شوکری جەمیل ئەوەشی خستەڕوو، "شاری رحا لە ڕووی کشتوکاڵییەوە، شارێکی زۆر گرنگە و چەندین جۆری جیاوازی دانەوێڵە ساڵانە لێی دەچێندرێت. لە ڕووی گەشتیاریشەوە گرنگییەکی زۆری هەیە و ساڵانە سەدان هەزار کەس سەردانی دەکەن، ئەمە بێجگە لەوەی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیشی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە."