محەممەد عەبدولقادر بۆ کوردستان24: لیستی مووچەی مانگی نیسان ڕەوانەی بەغدا کرا

محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری
محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان ڕەوانەی بەغدا کرا.

ڕۆژی یەکشەممە (21ـی نیسانی 2024) محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی نیسانی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کراو بڕیارە دوای وردبینیکردنی لیستەکان تەمویلی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئامادەکاری بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئادار و مانگەکانی  دواتریش، وەزارەتەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، مووچەی مانگی شوباتی دابەشکردن و لیستی مووچەی مانگی ئاداریشی ئامادەکرد و ناردە بەغدا.

دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستیپێکرد و لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هات.

هەروەها رۆژی شەممە (6ـی نیسانی 2024) پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەستیپێکرد و پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش کرا. لە هەمان کاتیشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی ژمێریاری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی راسپارد بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی نیسان، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ڕەوانەی بەغدای بکات.

هاوکات رۆژی چوارشەممە (3ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".