کاردانەوەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر لە ڕۆژنامەکانی تورکیادا

بەشێک لە ڕۆژنامەکانی تورکیا
بەشێک لە ڕۆژنامەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕۆژنامەکانی تورکیا کاردانەوەیەکی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. نزیکەی تەواوی ڕۆژنامەکان سەردانەکەیان کردە مانشێتی خۆیان و جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەردۆغان بە گەرمیی پێشوازیی لێ کراوە.

سەردانەکەی ڕۆژی (22ـی نیسانی 2024)ـی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر لە مێدیاکانی تورکیا کاردانەوەیەکی فراوانی هەبوو، تەنانەت بوو بە یەکەم هەواڵی رۆژنامەکان.

لە هەواڵەکاندا تیشک خراوەتە سەر پێشوازیلێکردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەن سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، جەختیش لەوە کراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکان، پرسی وزە و ئابووری وەک تەوەری سەرەکی ئاماژەی پێ دراوە.

ڕۆژنامەی ئاکشام لە مانشێتی هەواڵەکانیدا باسی لەوە کردووە: لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکانی دژی پەکەکە کراوەتەوە و ڕێککەوتننامەی ڕێگەی گەشەپێدانیش تیشکی خراوەتە سەر، ئەوەی زیاتر دەبینرێت سەردانەکەی ئەردۆغانە بۆ هەولێر و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی قەڵای هەولێر باس لەوە کراوە کە پێشوازییەکی گەرم لە ئەردۆغان کراوە.

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی نزیک لە دەسەڵاتیش دەڵێت، نەخشەڕێگەیەکی پتەو بۆ ئاییندەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر و بەغدا دانراوە، هاوکات دیسانەوە جەخت لە پێشوازیکردنی ئەردۆغان لە هەولێر کراوەتەوە و تەنانەت ناوی ئەو گەڕەکانەی هەولێر ئاماژەی پێدراوە کە ئەردۆغان تێیدا تێپەڕیوە و ئاڵاکانی هەرێمی کوردستان و تورکیای پێکەوە بینیوە.

ڕۆژنامەی میللییەت مانشێتی سەردانەکەی ئەردۆغانی بە "خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق" داڕشتووە. ئاماژەی بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە تورکیا و عێراق پێکەوە ڕووبەڕووی پەکەکە دەبنەوە.

ڕۆژنامەی تورکیا سەردانەکەی بە مانشێتی "لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ عێراق" داڕشتووە و نووسیویەتی، ئەردۆغان بە هەشت وەزیرەوە گەیشتە بەغدا و دواتر سەردانی هەولێری کرد، ئاماژە بەوەدراوە تورکیا بەیەک ئاست لە عەرەب، کورد، تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە دەڕوانێت.

هەروەها ڕۆژنامەی یەنی چاغ دەڵێت، ئەردۆغان دوای 13 ساڵ لە عێراقە، لە هەولێر بەتایبەتی لەبارەی دۆسیەی وزە و گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت گفتوگۆ کراوە.

هاوکات ڕۆژنامەی میلاد بڵاویکردووەتەوە، عێراق لە بەشداریکردنی ئۆپراسیۆنەکانی دژی پەکەکە نزیک بووەتەوە. هاوکات باسی ڕۆڵی هەولێر کراوە لە گواستنەوەی وزە بۆ تورکیا و دۆسیە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت خراونەتە بەرباس.

ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024)، دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.

لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئاڵپارسلان بایرەکتار، وەزیری وزە، عومەر بوڵات، وەزیری بازرگانی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و ژمارەیەکی دیکە لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای تورکیا یاوەری ئەردۆغان بوون.