65 خوێندکاری کورد لە زانکۆی ئەزهەری میسر دەخوێنن

ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر
ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر

K24 - هەولێر

65 خوێندکاری کورد لە کۆلێژ و بەشە جیاکانی زانکۆی ئەزهەر لە میسر دەخوێنن. نوێنەری ئەو قوتابییانە دەڵێت، وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ ئەو قوتابییانە کردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خوێندنەکەیان تەواو بکەن.

چوونی خوێندکارانی کورد بۆ میسر، بەتایبەتی بۆ زانکۆی ئەزهەر، لەم  چەند ساڵەی دواییدا دەستیپێکرد؛ دوای ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیمانگای ئەزهەری لە ساڵی 2008 لە شاری هەولێر کردەوە  کە سەر بە زانکۆی ئەزهەری میسریە.

پەیمانگای ئەزهەر لە هەولێر بە تاکە پەیمانگای ئەزهەری لە سەرتاسەری عێراق دادەنرێت. خوێندنی ناوەندی و دوا ناوەندی لە پەیمانگای ئەزهەر شەش ساڵ دەخایەنێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریا، پاشان قوتابی بژاردەی خوێندنی هەیە لە زانکۆی ئەزهەر لە میسر بۆ خوێندنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەسەر ئەرکی زانکۆی ئەزهەر و چەندین جۆر لە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرێت.

محەممەد یەحیا عەزیز، نوێنەری فەرمی پەیمانگای ئەزهەر بۆ قوتابیانی کورد لە زانکۆی ئەزهەر لە میسر، لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ژمارەی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی ئەزهەر لە میسر لە کۆلێژە جیاوازەکان 65 خوێندکارە. هەروەها زیاتر لە 10 قوتابی کورد لە خوێندنی باڵا، لە وڵاتی میسر دەخوێنن.

بە گوتەی  محەممەد یەحیا عەزیز، ژمارەی کۆی گشتی قوتابییانی کورد لە سەرەتای دامەزراندنی پەیمانگای ئەزهەر لە هەولێر لە ساڵی 2008ـەوە تاوەکو ئێستا کە لە ڕێگەی پەیمانگای ئەزهەرەوە لە میسڕ خوێندوویانە 87 خوێندکارن. گوتیشی،  شێخی ئەزهەر دکتۆر ئەحمەد ئەلتەیب، ساڵانە 25 کورسی خوێندنی بۆ پەیمانگای ئەزهەر لە هەولێر تەرخان دەکات.

شایەنی باسە لەسەرەتای دامەزراندنی پەیمانگای ئەزهەر لە هەولێر و چوونی قوتابییان بۆ زانکۆی ئەزهەر لە میسڕ 44 قوتابی دەرچوون. ئەو قوتابییانە لە گشت کۆلێژ و بەشە جیاجیاکانی زانکۆی ئەزهەر لە میسر، لەنێویاندا کۆلێژەکانی زانستە ئیسلامییەکان، یاسا، زمان، وەرگێڕان، بنەماکانی ئایین و بانگەواز دەرچوون.

محەممەد یەحیا هەروەها باسی لەوە کرد کە خوێندکارە کوردەکان، جگە لە خوێندنی ئەکادیمی لە کۆلێژەکانی ئەزهەر، بەشداری لە فێستیڤاڵ و پێشبڕکێ و چاڵاکیە زانستییەکان دەکەن، هەروەها گرنگییەکی زۆر لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ خوێندکارانی کورد لە ئەزهەری شەریف هەیە، وەک چۆن ساڵانە شاندێک لە وەزارەتەوە دەنێردرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و مەشیەخەی ئەزهەر لە میسر.

 

ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر
ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر
ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر
ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر
ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر
ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر
ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر
ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە میسر