پوتین سهردانی چین دهكات
K24 – هەولێر:
سەرۆکی ڕووسیا ئاماژه بهوه دهكات، بە نیازە لە مانگی داهاتوودا بە سەردانێکی فەرمی بچێتە چین؛ ئهم سهردانه لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هاوبەشییەکی بەهێزتری نێوان مۆسکۆ و پەکین، نیگەرانن.
ئهمڕۆ (پێنجشهممه 25ـی نیسانی 2024) ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، بە نیازە لە مانگی ئایاری داهاتوودا بە سەردانێکی فەرمی بچێتە چین لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هاوبەشییەکی بەهێزتری نێوان مۆسکۆ و پەکین، نیگەرانن.
پوتین لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی خاوەن کۆمپانیاکانی ڕووسیا ڕایگهیاند، بهرنامهی وایه سەردانەکەی لە مانگی ئایاردا بێت. ئەمە یەکەم سەردانی دەرەوەی پوتین دەبێت لە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی وهك سهرۆكی ڕووسیا لە مانگی ئاداری ئهم ساڵ.
ڕۆژی شەممە 9ـی ئهیلوولی 2023، لووتکەی وڵاتانی گرووپی 20 لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان بهڕێوه چوو و بۆ ماوهی دوو ڕۆژ بهردهوام بوو و تەوەرە سەرەکییەکانی لووتەکەش بریتیی بوون لە گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشیی خۆراک، بەڵام ههر یهك لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین بەشداری لووتکەکەیان نهكرد.
سەرەڕای کێشە و قەیرانەکان و بهردهوامیی جهنگی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا، کڕیاری بەرهەمە چینییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ڕووسیا زیاتر دەبن، له ساڵی 2023ـدا دۆخی بازاڕ وەکوو دۆخی پێش جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیای لێ هاتهوه.
بەگوێرەی ئامارەکان، هەناردەی ڕووسیا بۆ چین لە ساڵی 2022ـدا، گەیشتە 114 ملیار دۆلاری ئەمەریکی، بەڵام هەناردەی چین بۆ ڕووسیا 76 ملیار دۆلار بووە، واتا ئاڵوگۆڕی نێوانیان 190 ملیار دۆلار بووە، ئەم بڕە بە بەراورد بە ساڵی 2021 بە ڕێژەی 20% زیادی كردبوو.