گرووپە چەکدارەکانی عێراق: حکوومەت نایەوێت هێزەکانی ئەمەریکا وڵاتەکە جێ بهێڵن

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکا لەنێو عێراق
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکا لەنێو عێراق

K24 - هەولێر

گرووپە چەکدارەکان لە عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکە دەکەن، بزووتنەوەی نوجەباش حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی، لەبەرامبەر فشارەکان ئاڵای سپی بۆ ئەمەریکا هەڵکردووە و نایەوێت هێزەکانی ئەمەریکا وڵاتەکە جێبهێڵن.

بزووتنەوەی نوجەبا ڕەخنە لە حکوومەتی عێراق دەگرێت، بەوەی لەبەرامبەر فشارەکانی ئەمەریکا ئاڵای سپی هەڵکردووە.

فیراس یاسر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی نوجەبا ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی بە چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەکان دابوو کار لەسەر چارەکردنی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات، بەڵام بەهۆی فشارەکانەوە ئێستا ئاڵای سپی هەڵکردووە و نایەوێت هێزەکانی ئەمەریکا وڵاتەکە جێ بهێڵن.

پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەی سوودانی بوو بۆ واشنتن، چونکە لە ناوخۆ فشارێکی زۆر لەسەر حکوومەتەکەیەتی سەبارەت بە مانەوەی هێزە بیانییەکان. سەرەڕای هەموو ئەم فشارانە ئەمەریکاش چەندین جار ڕایگەیاندووە، داعش هێشتا مەترسییە لە ناوچەکە و ئامادە نین عێراق جێبهێڵن.

هاوکات، لیژنەیەکی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکاش سەبارەت فراوانکردنی هەماهەنگیی سەربازیی نێوانیان و دیاریکردنی ئەرکی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان پێک هاتووە، تاوەکو ئێستا چوار کۆبوونەوە کراون.

دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، وەک پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەڵەستین گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەژێر ناوی بەرەی مقاوەمە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەست پێ کرد.

لە عێراق 71 گرووپی چەکدار هەن، ژمارەیان لە 135 هەزار چەکدار مەزندە دەکرێت. یەكێک لەو گرووپانەش بزووتنەوەی نوجەبایە. لە ساڵی 2013 دامەزراوە، ژمارەی چەکدارەکانی لە نێوان 10 بۆ 20 هەزار چەکدارن. ئەم گرووپانە لەلایەن ئێرانەوە پڕچەک دەکرێن و  ڕادەهێنرێن.

لەدوای شەڕی ئیسرائیل و حەماسیش لە 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردووەوە، لەژێر ناوی بەرەی مقاوەمە زیاتر لە 170 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، سوریا و ئوردن ؛ بەڵام بەهۆی هەڕەشە و فشارەکانی ئەمەریکا لە 4ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا تەنیا 1 هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە کراوە.