بە تابلۆی هەولێر فێستیڤاڵی بابل دەستی بە کارە هونەرییەکانی کرد

بە تابلۆی هەولێر فێستیڤاڵی بابل دەستی بە کارە هونەرییەکانی کرد
بە تابلۆی هەولێر فێستیڤاڵی بابل دەستی بە کارە هونەرییەکانی کرد

K24 - هەولێر

لە یانزەمین خولی فێستیڤاڵی "بابل"، کە ساڵانە بە بەشداریی چەند تیپێکی کوردستانی و عێراقی لە (حلە) بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەمساڵ  فێستیڤاڵەکە بە تابلۆی هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد و لە شەوە ئاهەنگێکدا 25 کچ و کوڕی خوێن گەرمی پایتەختی کوردان بە هەڵپەڕکێی کوردەواری فێستیڤاڵەکەیان ڕازاندەوە.

سەلیم قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر وەک کۆنترین تیپی ئەو شارە و خاوەن چەندین تابلۆی ڕەنگین دوای بەشداربوون لە چەند فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی ئەمجارەیان بە تابلۆی هەولێر بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا کرد و بە جلە کوردییە زەردەکانیان نمایشێکی جوانی هەڵپەڕکێ و هونەرییان پێشکەش کرد.

سەلیم قادر ئاماژەی بەوەش کرد، نمایشەکە بووە جێی سەرنجی تیپە بەشداربووەکانی نێو فێستیڤاڵەکە و بە جووڵە هونەرییەکانیشیان ئامادەبوانیان هێنایە جۆش و خرۆش و دوای ئەو بەشدارییە فراوانەش لەم فێستیڤاڵەدا بڕیارە بڕوانامەی ڕێزلێنان بە "هیمداد لەشکری" ڕاهێنەر و سەرپەرشتیار و ئەندامانی تیپەکە ببەخشرێت و لە ماوەی داهاتووشدا پڕۆژەیەکی هاوبەشی هونەری لە پایتەختی کوردستان، بە هاوکاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساز بکەن.