لێژنەیەکی پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکات

دیمەنێکی دوای سووتانی بازاڕی قەیسەری
دیمەنێکی دوای سووتانی بازاڕی قەیسەری

K24 - هەولێر

پەرلەمانی عێراق لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر پێک دەهێنێت بە مەبەستی زانینی هۆی ئاگرکەوتنەوەکە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-05-2024، نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق ڕێنوێنی کردووە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر پێک بهێنرێت بە مەبەستی بەدواداچوون و ئاشکراکردنی "ڕاستییەکانی ڕووداوەکە".

تاوەکو ئێستا دیار نییە هۆی ئاگرکەوتنەکەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر چی بووە کە نزیکەی کاتژمێر 09:30 خولەکی شەوی یەکشەممە، 05-05-2024 کەوتەوە و بەهۆیەوە 228 دووکان و حەوت کۆگا سووتان. ئێستا پرۆسەی پاککردنەوەی بازاڕەکە دەستی پێ کردووە و چاوەڕێ دەکرێت بۆ هەفتەیەک بەردەوام بێت.

دوای ڕووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و کاسبکارانی دڵنیا کردەوە "درێخى ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر".

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە ساڵی 2024، نۆ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەری شارەکە کەوتوونەتەوە:

1. 17ی شوباتی 2024، سووتانی دووکانێک لە بازاڕی ڕووناکیی هەولێر.

2. 23ی شوباتی 2024، سووتانی چەند کۆگایەک لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری شاری هەولێر.

3. 27ی شوباتی 2024، سووتانی بەشێکی بازاڕی لەنگە.

4. 9ی ئازاری 2024، سووتانی کۆگایەک لە نزیک ناوچەی پپیشەسازیی باکووری شاری هەولێر.

5. 13ی ئازاری 2024، سووتانی چەند دووکانێک لە بازاڕی فەرمانبەرانی شاری هەولێر.

6. 27ی ئازاری 2024، سووتانی چوار کۆگا لە قوشتەپەی هەولێر.

7. 8ی نیسانی 2024، سووتانی ژمارەیەک دووکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر.

8. 23ی نیسانی 2024، سووتانی ژمارەیەک دووکانی بازاڕی شێخەڵای هەولێر.

9. 5ی ئایاری 2024، سووتانی بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر.