وەزیری کارەبا: ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە 1600 مێگاوات

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری بە (وەكالەت)ـی  سامانە سروشتییەكانی حکووـەتی هەرێمی کوردستان
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری بە (وەكالەت)ـی  سامانە سروشتییەكانی حکووـەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر 

وەزیری كارەبای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، توانراوە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بکرێتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیەندراوەتە 1600 مێگاوات.

ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری بە (وەكالەت)ـی  سامانە سروشتییەكانی حکووـەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی کرد کە "پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویان قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بە پلانێكی تۆكمە توانراوە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە کێڵگەکە بکرێتەوە و ڕێگە نەدراوە كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات.

وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی پێ کردووە، "ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەكردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە".

ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 26-04-2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون. 

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی غازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو غازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت. 

جگە لە غازی سروشتی بەرهەمی گازی شل یاخود ئێڵ پی جی نزیکەی هەزار تۆنی ڕۆژانەیە، 22 هەزار بەرمیل نەوتی کۆندێنسەیتی ڕۆژانە لێ بەرهەم دەهێنرێت کە لە ماوەکانی پێشوودا ئەم بڕە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی تێکەڵی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرا.

 بەپێی گرێبەستێک کە لە مانگی چواری 2007 لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆر کردووە، کۆرمۆر لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دانەغاز و گیسنت پترۆلیۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەهۆی گرنگییە ئابوورییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ناو بەناو ئەم کێڵگەیە لەلایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە دەکرێتە ئامانج، گەورەترین هێرشەکانیش لە 22 حوزەیران، 12ی تشرینی یەکەمی  2022، 26ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و 25ی نیسانی ئەمساڵ بوون.