دژوار فایەق: زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک داگیرکراوە

K24 - هەولێر

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیجنەی ماددەی 140 رایگەیاند، ڕاستە ڕژێمی بەعس دیکتاتۆری نەماوە، بەڵام بەداخەوە بیروباوەڕی شۆڤێنی و مەرکەزیەت ئەگەر زیادی نەکردبێت وەک خۆی ماوە.

دژوار فایەق، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیجنەی ماددەی 140، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕاستە ڕژێمی بەعس دیکتاتۆری نەماوە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن هەندێک خەڵک کە دەسەڵاتداریشن و کەمینەش نین، بیروباوەڕی شۆڤێنی و مەرکەزیەت ئەگەر زیادی نەکردبێت وەک خۆی ماوە.

گوتیشی: ماددەی 140 پڕۆژەیەکی یاسایی دەستوورییە، بۆ چارەسەری کێشەکانی دووەم نەتەوە کە کوردە، بۆ ئەو خاکەی کە بەبڕیاری بەعس لە جووتیاران داگیرکراوە، هەروەها لە ماددەی 140 چارەسەر بۆ ئەوکێشانە دۆزراوەتەوە، کە بڕیاری 29ـی ساڵی 2012 دەرچووە، کە ئەو زەوییانەی بە بڕیاری"شؤون شيمال منحل" کە هی خەڵکی کوردستانە داگیرکراوە پێیان بدرێتەوە، ئەویش زیاتر لە 900 هەزار دۆنم زەوی دەبێت. لەساڵی 2023 بڕیارەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەو زەویانە بۆ خەڵکەکە بگەڕێندرێتەوە.

دەشڵێت: لەلایەکی دیکەوە 300 هەزار دۆنم زەوی بە بڕیارەکانی "مجلس القيادة الثورة المنحل" لەجووتیارانی کورد داگیرکراوە، کە ساڵی 2023 پڕۆژە یاسایەکمان ناردووە بۆ پەرلەمان، هەروەها قسەمان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا کردووە، کە هەوڵدەدەن ئەو پڕۆژە یاسایە بکرێتە یاسا و جێبەجێ بکرێت.

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیجنەی ماددەی 140 ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زەویانە موڵکی جووتیارانی کوردە بەر لەوەی وڵاتی عێراق دروست ببێت، بۆیە بۆ گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە و تەعریبکردن، ئەو زەویانە داگیرکراوە.

جەختیشیکردەوە، پارساڵ وەکو لیجنەی باڵای جێبەجێ کردنی ماددەی 140 لە بەغدا، داوامان لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە، ئەو گرێبەستانە هەڵوەشاوەن و نابێت تازە بکرێنەوە، چونکە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو زەویانە کوردەکانن، بەڵام کەمتەرخەمییەک هەیە وەکو پێویست بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت.

سێ ڕۆژە وەرزی دروێنە لە پەڵکانە و سەرگەڕان لە سنووری دووز و گوندەکانی ساڵەیی سەر بە شارەدێی پردێ دەستی پێ کردووە، بەڵام وەک هەموو ساڵێکی ڕابردوو بە بڕیاری سوپای عێراق دروێنە لە جووتیارانی کورد قەدەغەکراوە و ڕێگریشیان لێ دەکرێت بچنە سەر زەوییەکانیان.

سوپای عێراق هۆشداری داوەتە جووتیاران و ئاگاداری کردوونەتەوە کە نابێت بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن، ئەمەش جوتیارانی کوردی توڕە و نیگەران کردووە بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له ‌دژی ئه‌و بڕیاره‌ی سوپای عێراق، جووتیارانی گوندی گه‌ڵۆزی سنووری پردێ لە سەر ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک – هەولێر گردبوونه‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نن، ئەگەر ڕێگرییەکان بەردەوام بێت ئەوا هەڵوێستی دیکەیان دەبێت هەروا دەستەوەستان نابن.

تاوەکوو ئێستا سوپای عێراق ژمارەیەک جووتیاری کوردی لە ناوچەی ساڵەیی و چەند شوێێكی دیکە دەستگیر کردووە.