گەشتێکی ئاسمانیی ئەڵمانیا بەهۆی ڕشانەوەی سەرنشینەکان ڕاگیرا
K24 - هەولێر
دەیان گەشتیار لە گەشتێکی ئاسمانیی مۆریشیۆس بەرەو فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە تووشی ڕشانەوە بوون.
فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای فڕۆکەوانی کۆندرۆیە و دوای تێکچوونی تەندروستیی 70 گەشتیار و تووشبوونیان بە ڕشانەوە بە ناچاری لە شارێکی دیکەی ئەڵمانیا نیشتووەتەوە بۆ ئەوەی تیمێکی تەندوستی فریایان بکەوێت.
گوتەبێژی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە بە ڕۆژنامەی بێڵدی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، حاڵەتەکە تەنیا گەشتیارەکانی گرتووەتەوە و ستافی فڕۆکەکە سەلامەتن، هەرچەندە هۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی گەشتارەکانی ئاشکرا نەکردووە و تەنیا ئاماژە داوە، ئەو خواردنەی لە نێو فڕۆکەکە پێشکەشی سەرنشینەکان کراوە لە مۆریشیۆس ئامادە کراوە.
گوتەبێژەکە ڕاشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوەیان دەست پێ کردووە و ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.
بە گوێرەی ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە دوای چارەکردنی تەندروستیی گەشتیارەکان، فڕۆکەکە بە یاوەری تیمێکی پزیشکییەوە درێژەی بە گەشتیەکەی داوەتەوە بەرەو شاری فرانکفۆرت.