وەزیری پەروەردە: نووسراوی دامەزراندنی وانەبێژانم داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردە ڕایدەگەیەنێت، نووسراوێکی تایبەتیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ڕادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی ئەوانن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ڕۆژی 30-04-2024، لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوومەوە. کۆبوونەوەکە نزیکەی 45 خولەکی خایاند، نزیکەی 15 خولەکم تەرخان کرد بۆ باسکردنی دۆخی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان. هەروەها باسمان لەو شایستە داراییانە کرد کە پێویستە ئەوانیش وەکو هەموو وانەبێژانی دیکەی عێراق وەری بگرن".

بە گوتەی د. ئالان حەمە سەعید، "ڕۆژی 23-04-2024، نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ئاراستەی نووسینگەی وەزیری دارایی عێراق کراوە". گوتیشی، "لە کۆبوونەوەیەکی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا، نووسراوەکەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ڕادەستی جێگری بەرێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، چونکە ئەو کات بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە میسر بوو".

وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی کرد، بێجگە لەو نووسراوانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دامەزراندنی مامۆستانی وانەبێژ ئاراستەی بەغدا کراوە، خۆیشی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووسراوێکی دیکەی بۆ هەمان مەبەست لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بردووە و ڕادەستی سوودانیی کردووە. وەکو خۆی گوتی، نووسراوەکەی بە فلاش و سی دی، کە داتای هەموو مامۆستایانی وانەبێژانی تێدا بووە، بە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە، "بۆ ئەوەی دواتر بیانوو نەهێننەوە، بڵێن سی دی ناخوێنێتەوە".

لەبارەی ئەوەی "ئایا وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ نووسراوەکەی چی بووە؟" وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە نووسراوەکەمان بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی ئەوانین بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە شێوەی گرێبەست".

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستە ڕوو، هەموو ئەو لیستانەی لە ماوەی ڕابردوو لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژ ڕەوانەی بەغدا کراون، ناوی 37 هەزار و 734 مامۆستای وانەبێژیان تێدا بووە. گوتیشی، لەسەر هەموو ئەو لیستانەیان نووسیوە، "ئەمانە بە شێوەی گرێبەست دامەزراون، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانیان وەکو مامۆستای دامەزراو بە شێوەی گرێبەست خەرج بکات".  

د. ئالان حەمە سەعید باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ڕابردوودا، حکوومەتی عێراق 500 هەزار وانەبێژی کردووەتە گرێبەست دواتر بە شێوەی هەمیشەیی هەموویانی دامەزراندووە؛ "بە سەرۆکوەزیرانی عێراقم گوت، لە ماوەی کابینەی مستەفا کازمی بە بڕیاری 315ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو 500 هەزار مامۆستایەی وانەبێژ کراونەتە گرێبەست و پێویستیان بە پەرلەمان نەبووە" بۆیە ئەویش دەتوانێت هەمان ڕێکار بگرێتەبەر بۆ دامەزراندنی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان.