عەلی حوسێن: پارتی هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن نییە بەڵكو لەگەڵ راستکردنەوەی هەڵەکانە

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی
عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر کێشەکان چارەسەر بکرێن هەر کاتێک بێت پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، هاوکات دەڵێت: پارتی هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو لەگەڵ راستکردنەوەی هەڵەکانە.

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەکردووە، بەڵکو چەند تێبینییەکی هەبووە و ئەو تێبینیانەی بە سەرجەم لایەنەکان گەیاندووە.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی، راشیگەیاند، تێبینییەکان پەیوەست نییە بە پارتی، بەڵکو پەیوەستە بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان، ئەگەر کێشەکان چارەسەر بکرێن هەر کاتێک بێت پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن.

لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، ناوبراو دەڵیت: دوو ساڵ و چەند مانگێکە هەڵبژاردن دواخراو و، هەموو لایەکە دەزانێت پارتی هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن نەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستاش پارتی هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن نییە، بەڵكوو لەگەڵ راستکردنەوەی ئەو هەڵانەیە کە لە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.

عەلی حوسێن، گوتی: ئەنجامدان و دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەستە بە کۆمیسیۆنی هەڵبژارنەکانی عێراق، هەر ئەویش بڕیاری لەبارەوە دەدات.