بەشیر حەداد هۆکاری نەدانی پارەی جووتیاران ئاشکرا دەکات

لە ساڵانی رابردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق چی لە پارەکە کردووە؟

K24 – هه‌ولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەی جووتیارانی بۆخۆی خەرجکردووە.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە ساڵانی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانی دابین كردبوو، بەڵام وەزارەتی بازرگانی ئەو کاتی عێراق پارەکەی بۆ خەرجییەكانی خۆی بەكارھێناوە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمان دڵنیاییشی دایە جووتیاران كە ھەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی جووتیاران و هەڵەکانی رابردوویان راستکردووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 05/03/2019، رێبین شه‌مامکى، پارێزه‌رى خۆبه‌خشی جوتیاران بە کوردستان24ی راگه‌یاندبوو: "دادگاى ره‌سافه‌ی بەغدا بڕیاریداوە، پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێمی کوردستان بۆ ساڵه‌کانى 2014، 2015 و 2016 خه‌رج بکرێت".

‌H.J