سێ ماسیگر یەکێک لە گرانبەهاترین مەسییەکانی جیهان راو دەکەن

بەهاکەی دەگاتە نزیکی چوار ملیۆن دۆلار

K24 – هه‌ولێر:

سێ ماسیگر لە ئیرلەندا، ماسییەکی جۆری بلوفین تونا بە کێشی 272 کلیۆگرام دەگرن کە بەهاکەی لە وڵاتێکی وەک ژاپۆن دەگاتە سێ ملیۆن و 710 هەزار دۆلاری ئەمەریکی، بەڵام دواتر ئازادی دەکەن.

یەکێک لە ماسیگرەکان بە ناوی دەیڤ ئیدواردس، ئەو ماسییە دەگمەنە راو دەکات و پاش ئەوەی وێنەیەکی لەگەڵ دەگرێت فڕێی دەداتەوە ناو دەریا.

ماسییەکە نزیکەی دوو مەتر و نیو درێژە و یەکێکە لە ماسییە هەرە دەگمەنەکان و لە دەریای ناوەڕاستەوە کۆچی بۆ ناوچەکە کردووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئایریش میرۆر، ئەو سێ ماسیگرە لێکۆڵینەوە لەسەر ماسییە دەگمەنەکان دەکەن و نیازی بازرگانیی کردنیان نەبووە، بەڵکو تەنها نیشایەکییەکان پێوەکردووە و دواتر ئازادیان کردووە.

لە ماوەی 10 ساڵ رابردوو ژمارەی ئەو جۆرە ماسییە بە جۆرێک کەمی کردووە، بەرەو لەناوچوون دەچێت.

لای ژاپۆنییەکان، ئەو ماسییە بە یەکێک لە گەوهەرەکانی دەریا دادەنرێت چونکە باشترین و بەتامترین گۆشتی بۆ خواردنە تایبەتەکانی سوشی و ساشیمی هەیە، هەروەها کێشی لە باشترین ئاستدا دەگاتە 900 کیلۆگرام.

راوکردنی ماسی بلوفین تونا لە لایەن ماسیگرێک
راوکردنی ماسی بلوفین تونا لە لایەن ماسیگرێک

H.J