لەبارەی خواردنی كێكە توركییەكە روونكردنەوە دەدرێت

تەندروستی ھەولێر روونكردنەوە دەدات

K24 - ھەولێر

لەبارەی دەنگۆی مەترسی خواردنی لە جۆرە كێكی توركی، بەڕێوبەرایەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر روونكردنەوە دەدات.

لە روونكردنەوەكەی تەندروستی ھەولێر ھاتووە: "دوابەدوای بڵاو بوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تێیدا كێكێك نیشاندەدرێت، گوایە حەبی تێدایە، لەسەر فەرمانی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێم، تیمەكانی كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر بەدواداچوونیان بۆ كێكی ( لۆبۆ ) كرد و پاش ئەوەی چەندین نموونەی جۆراو جۆری لێوەرگیرا روون بوویەوە كە هیچ جۆرە حەبێكی تێدا نییە".

د. سەرهەنگ جەلال بەڕێوبەری كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر رایگەیاند: "نموونە ئەو كێكەمان ناردوە بۆ تاقیگە تاوەك پشكنینی تەواوی تاقیگەیی بۆ بكرێت، هاوكات ئەو جۆرە كێكەیە بەر لە مانگێك لەلایەن تیمەكانی بەڕێوبەرایەتیمان لە چوارچێوەی كاری رۆژانەی خۆماندا پشكنینمان بۆ كردبوو. هاووڵاتیانیش دڵنیادەكەینەوە كە بە زووترین كات لە ئەنجامی پشكنینەكە ئاگادار دەكەینەوە".