پۆلیسی دهۆك ورده‌كاری له‌سه‌ر كوژرانی دلینی 10 ساڵان بڵاوده‌كاته‌وه
K24 - دھۆك
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دهۆك ورده‌كاری له‌باره‌ی كوژرانی دلین وەلید، ئه‌و كچه 10 ساڵه‌ی خسته‌ڕوو، كه دووه‌م رۆژی جه‌ژن له ماڵه‌وه ده‌رچووە و بێسەروشوێن بوو، دوێنێ ته‌رمه‌كه‌ی به كوژراوی له سه‌نته‌ری ئه‌و شاره دۆزرایه‌وه.
تاریق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دهۆك ئاشكرایكرد: "دوای هه‌وڵی تیمه‌كانمان بۆ ده‌ستگیركردنی تاوانباران، توانیمان بكوژانی دلین ده‌ستگیر بكه‌ین و یه‌كێك له ده‌ستگیركراوان دانی به تاوانه‌كه‌یدا ناوه".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌رچه‌ند دوا بڕیار بۆ سزادانی تاوانباران لای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه، به‌ڵام ئێمه‌ش وه‌ك لایه‌نی ئه‌منی پارێزگای دهۆك ده‌نگمان ده‌خه‌ینه پاڵ ده‌نگی هاووڵاتیان و داواش له لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ین، سزای تاوانبارانی ئه‌و كرده‌وه نامرۆڤانه‌یه له سێداره‌دان كه‌متر نه‌بێت و له‌وه‌ش دڵنیاین كه سزاكه‌یان له له‌سێداره‌دان سووكتر نابێت".
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی رفاندنی دلین، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دهۆك رایگه‌یاند: "به‌گوێره‌ی دانپێدانانی بكوژه‌كه، ئه‌و به‌و فێڵه خۆی له دلین نزیك كردووه‌ته‌وه، كه گوایە باوكی دلین ده‌ناسێت و هاوڕێی باوكیه‌تی، دوای هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی دلین، قوربانییه‌كه به‌ره‌و گه‌ڕه‌كی خه‌بات ده‌ڕفێنێت و له‌وێ ویستوویه‌تی ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر، به‌ڵام دلین ره‌تیكردووه‌ته‌وه و هاواری كردووه، بۆیه تاوانباره‌كه دارێكی له یه‌كێك له په‌رژینه‌كان ده‌رهێناوه و به گوته‌ی خۆی، سه‌ری ئه‌و داره تیژ بووه و دوو جار له ملی دلینی داوه و كوشتوویه‌تی".
بەڕێوەبەری پۆلیسی دھۆك گوتیشی: "بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی دانپێدانانی تاوانباره‌كه په‌یوه‌ندیم به پزیشكی داده‌وه كردووه و ئه‌ویش پێی راگه‌یاندووم، كه به‌ڵێ دلین به ئامێرێك كوژراوه، كه زۆر تیژ نه‌بووه و به شتێكی وه‌ك داری دڕكاوی كوژراوه".
سه‌باره‌ت به ته‌مه‌نی تاوانباره‌كه‌ش به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دهۆك ئاشكرایكرد: "تاوانبار له‌دایكبووی ساڵی 1972ـه و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه و له ساڵی 2005ـیش به‌هۆی هه‌وڵێكی دیكه‌ی كوشتن لای ئێمه ده‌ستگیركرابوو، ئێستاش زیندانیكراوه و به سزای خۆی ده‌گه‌یه‌ندرێت".
سه‌باره‌ت به ژماره‌ی تاوانبارانیش، تارق ئه‌حمه‌د ئاماژەی بەوەدا: "سه‌ره‌تا ژماره‌یه‌ك گومانلێكراومان ده‌ستگیركرد، به‌ڵام دوای لێكۆڵینه‌وه ته‌نیا دوو تۆمه‌تبار ماونه‌ته‌وه و هه‌ردووكیان بران. تۆمه‌تی برای تاوانباره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، كه براكه‌ی پێشتر پێیڕاگه‌یاندبوو كه تاوانێكی كوشتنی ئه‌نجامداوه، به‌ڵام به‌شاراوه‌یی هێشتووه‌ته‌وه و په‌رده‌پۆشی كردووه، بۆیه برای تاوانباره‌كه‌ش تۆمه‌تباره و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه بۆ ده‌كرێته‌وه و رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه".
H.B