هەرێمی کوردستان رێکاریی پێویستی دژی ئایدز گرتووەتەبەر
K24 – ههولێر:
رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز، 1ی 12ی ھەموو ساڵێک وەک رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە ئایدز دەستنیشانکراوە.
ئایدز ڤایرۆسێکی مەترسیدارە و زیاتر لە 40 ملیۆن کەس لە جیھان گیرۆدەی بوون.
ساڵانە لەم رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر بۆ هۆشیارکردنەوە و رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە رێکدەخرێت لە ھەرێمی کوردستانیش چەندین رێکاری و رێوشوێنی تایبەت گیراونەتەبەر.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بە کوردستان24ی راگەیاند، ڤایرۆسەکە لە رێگای خوێن، سێکس و لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە دەگوازرێتەوە. لە هەرێمی کوردستان ئەم نەخۆشییە کەمە چونکە رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و کۆمەڵگای ئێمە لە هەندێک دابونەریت دوورە.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتوەکان، رۆژانە سێ هەزار و 688 کەس تووشی ڤایرۆسی ئایدز دەبن واتە ساڵانە دوو ملیۆن و 300 ھەزار کەس.
لەم ژمارەیەش، 60% لەرێگەی پەیوەندی سێکسی، 20% بەھۆی گواستنەوەی خوێن و 12% بەھۆی بەکارھێنانەوەی کەلوپەلە بەکارھاتووەکان وەک دەرزی کە بەزۆری لە بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەردا دەبینرێت؛ هەروەها، 8% تا ئێستا دیاری نەکراوە.
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ساڵی 1986ەوە تاوەکو ئێستا، 36 حاڵەتی ئایدز لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و ئەوانیش لە ژێر چاودێریی وردا بوون.
H.J