هه‌ولێر و زاخۆ له كلاسیكۆی كوردستان رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه
له خولی نایابی عێراق، هه‌ولێر و زاخۆ به دوو راهێنه‌ری تازه‌وه له كلاسیكۆی كوردستان ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه ئه‌م دوویانه‌یه ئه‌م وه‌رزه هیچ یارییه‌كیان نه‌بردۆته‌وه.
سبه‌ی سێشهمه له گه‌ڕی چواره‌می خولی نایابی عێراقی هه‌ولێر له یاریگه‌ی یه‌كه‌می فڕه‌نسۆ هه‌ریری له كلاسیكۆی كوردستان كاتژمێر 04:00ـی ئێواره، میوانداریی زاخۆ ده‌كات، ئه‌م یارییه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، چونكه هه‌ردوو یانه راهێنه‌ری تیپه‌كه‌یان گۆڕیوه.
هه‌ولێر، چه‌ند رۆژێكه له‌سه‌ر ده‌ستی راهێنه‌ره تازه‌كه‌ی، كه رادان گاسانینی كرواتییه، خۆی بۆ ئه‌م یارییه ئاماده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بێت، یه‌كه‌م بردنه‌وه له‌سه‌ر حسابی زاخۆ له نێو جه‌ماوه‌ری خۆی به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام كێشه‌ی هه‌ولێر له هێڵی به‌رگرییه‌تی، چونكه هه‌ردی سیامه‌ند، دیواره پۆڵاینه‌كه‌ی قه‌ڵای زه‌رد نه‌شته‌رگه‌ری له ئه‌ژنۆی ئه‌نجام داوه و تا مانگێكی تر ناتوانێت یاریی بكات، له هێڵی پێشه‌وه‌ش كریستۆڤه‌ر پێش یارییه‌كه له مه‌شقه‌كان تووشی پێكان هاتووه و بۆ ئه‌م یارییه دوورخراوه‌ته‌وه.
رادان، چه‌ند رۆژێكه له مه‌شق و راهێنانه‌كانی جه‌خت له‌سه‌ر پلانی یاریی كردن به‌شێوه‌ی كراوه‌ی ده‌كاته‌وه، جگه له‌وه ده‌یه‌وێت به تاكتیكی (4-3-3) یاریی بكات، وه داوای له یاریزانه‌كان كردووه، به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ هێرش بكه‌ن و به‌رگری بكه‌ن، هه‌ولێر له سێ یاریی رابردووی خولی نایابی عێراقی ته‌نها سێ خاڵی هه‌یه و دوو گۆڵی تۆمار كردووه.
زاخۆ، به‌هه‌مان شێوه‌ی هه‌ولێر راهێنه‌ر عه‌لی وه‌هابی هێناوه‌ته تیپه‌كه‌ی، ده‌یه‌وێت یه‌كه‌م برنه‌وه یاخود یه‌كه‌م خاڵ له‌سه‌ر حسابی هه‌ولێر به‌ده‌ستبهێنێت، ئامانجی سه‌ره‌كی زاخۆییه‌كان مانه‌وه‌یه له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراقی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان چاره‌نووسی دوو ساڵ پێش ئێسته‌یان به‌سه‌ر نه‌یه‌ته‌وه، كاتێك له ریزی نایاب بۆ پله‌یه‌كی عێراقی دابه‌زین، زاخۆ له 3 یاریی 3 جار تامی دۆڕانی كردووه، له ریزبه‌ندی بیستیهم و كۆتای خوله‌كه دێت.
ئه‌گه‌ر ئاوڕ بۆ دوایین 10 یاری نێوانیان له مێژووی خوله‌كه بده‌ینه‌وه، ده‌بینین هه‌ولێر چوار یاریی بردۆته‌وه، زاخۆش له سێ یارییدا براوه بووه، سێ یاریش به یه‌كسان كۆتایی هاتووه، له كۆی 10 یاری هه‌ولێر 9 گۆڵی كردووه و زاخۆش حه‌وت گۆڵی له هه‌ولێر كردووه، له دواین چوار یارییش هه‌ولێر نه‌یتوانیووه له زاخۆ بباته‌وه.