پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی ھەرێم ھەڵدەبژێرێت

پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە بانگێشتنامەیەكدا داوا لە پەرلەمانتاران دەكات، رۆژی سێ شەممە، 28/5/2019، ئامادەی كۆبوونەوە بن. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمان ئاشكرای دەكات، كه‌ لەو كۆبوونەوەیەدا پەرلەمانی كوردستان متمانە بە سەرۆكی ھەرێم دەدات.

لە بانگهێشتنامەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، كە واژۆی ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی بەسەرەوەیە، ھاتووە: "بەپێی حوكمی بڕگە (سێیە)ی ماددەی 18 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارمان دا بانگهێشتیی گشت ئەندامانی پەرلەمان بكەین بۆ دانیشتنی ژمارە 6ی ئاسایی ساڵی یەكەم، لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە 28/5/2019 دا، تكایە ئامادە بن".

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "كۆبوونەوەی رۆژی سێ شەممەی داھاتوو، تایبەت دەبێت بە ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمان متمانە بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەدات، دوای جەژنیش رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێم بەڕێوە دەچێت".

گوتیشی: "دوای سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێم، لە زووترین كاتدا سەرۆكی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رادەسپێردرێت بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێ".

بە گوێرەی بەرنامەی كاری سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لە كۆبوونەوەكەدا ھەڵبژاردنی پاڵێوراوەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەخرێتەڕوو.

وەك لە كارنامەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا ھاتووە: "یەكەم: خستنەڕووی ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم، بەپێی حوكمی خاڵی (5، 6)ی بڕگەی (یەكەم) لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019 (یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان و ھەمواری ھەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور".

كارنامەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ كۆبوونەوەی رۆژی سێشەمە
كارنامەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ كۆبوونەوەی رۆژی سێشەمە
بانگهێشتنامەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتاران
بانگهێشتنامەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتاران

ھ.م