پارتی لەبارەی تۆمەتباركردنی پێشمەرگە پەیامێك ئاراستەی خۆپیشاندەرانی عێراق دەكات

روونکردنەوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - ھەولێر

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی تێكەڵكردنی ناوی پێشمەرگە بە رووداوەكان لەناو خۆپیشاندەرانی عێراق روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە.

لە روونكردنەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی ھاتووە: "بۆ ئەوەی ئاگاداری هەوڵی هەندێ خەڵکی سەرلێشێواوی تێکدەر بن کە بۆ لەباربردن و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دروستكردنی مەترسی بۆ سەلامەتیی نیشتمان، لەدژی پێشمەرگە پروپاگەندەی ژەھراوی بڵاو دەکەنەوە، ئەویش لە رێگەی تێکەڵکردنی ناوی برا پێشمەرگەکانتان لە بەرپرسیارێتی لەو بابەتانەی لە خۆپێشاندانەکان روویانداوە".

مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا دەڵێ: "پێشمەرگە بە مێژووی دوور و درێژی نیشتمانی خۆی بۆ ھەموو عێراقییەكان قەڵغان بووە و ھەموویانی پاراستووە و بە شەھیدە سەربەرزەکانییەوە قوربانی و وەفاداری پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانی لە پێشەنگی گەلانی ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازدا بێت، ھێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق و برای ئێوەن، پێشمەرگە زۆر لەوە دوورە کە بە پێچەوانەی ویژدان و خواستی نیشتمان ناو و رێبازەکەی  لەکەدار بکرێت".

دەقی روونكردنەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان.

بەشێک لە ڕۆڵەکانی گەلی عێراق بە خۆپێشاندان و داواکردنی مافەکانیان لە چوارچێوەی ناسنامەی ھاووڵاتیبوون و لەپێناو باشترکردنی ھەلومەرجی ئێستای عێراق، مافێک پەیڕەو دەکەن کە دەستوور فەراھەمی کردووە.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێز و پێزانینمان ھەیە بۆ ھەموو ھەوڵ و کۆششی جەماوەریی ئاشتیخوازانەی سەرجەم چین و توێژەکان کە لە گۆڕەپانەکانی خۆپێشاندان کۆبوونەتەوە، بە پێویستمان زانی سەرنجی خوشک و براکانمان کە خاوەن مافی دەستوورین رابکێشین بۆ ئەوەی ئاگاداری هەوڵی هەندێ خەڵکی سەرلێشێواوی تێکدەر بن کە بۆ لەباربردن و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دروستكردنی مەترسی بۆ سەلامەتیی نیشتمان، لەدژی پێشمەرگە پروپاگەندەی ژەھراوی بڵاو دەکەنەوە، ئەویش لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ناوی برا پێشمەرگەکانتان لە بەرپرسیارێتی لەو بابەتانەی لە خۆپێشاندانەکان ڕوویانداوە.
پێشمەرگە بە مێژووی دوور و درێژی نیشتمانی خۆی بۆ ھەموو عێراقییەكان قەڵغان بووە و ھەموویانی پاراستووە و بە شەھیدە سەربەرزەکانییەوە قوربانی و وەفاداری پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانی لە پێشەنگی گەلانی ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازدا بێت، ھێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق و برای ئێوەن، پێشمەرگە زۆر لەوە دوورە کە بە پێچەوانەی ویژدان و خواستی نیشتمان ناو و رێبازەکەی لەکەدار بکرێت.
لەبەر ئەوە دوژمنانی یەکریزی نیشتمانی بە ئامانجی بەلارێدابردنی ڕێڕەوی ڕووداوەکان و بۆ خزمەتی بەرژەوەندییە گوماناوییەکانیان، ھەوڵی بەخشینی تۆمەتی درۆزنانە دەدەن. ئێمەیش پەیمان دەدەین کە گەلەکەمان بە هەموو هێزكانییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئەوانەی کە ھەوڵی تێکدانی یەکریزیی نیشتمانی دەدەن، لە ئامادەباشیدا دەبێت.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
2019/11/18
ھەولێر