"رووسیا به‌بێ ئاڵا و سروودی نیشتمانی به‌شداریی له‌ مۆندیالی 2022 ده‌كات"

رووسیا ناتوانێت له‌ژێر ئاڵای خۆیان به‌شداریی هیچ پاڵه‌وانێتییه‌ك بكه‌ن

دوای سڕ کردنی رووسیا لە تەواوی چالاکیە وەرزشیەکان و بێبەش کردنیان لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، ئەم وڵاتە دەیەوێت هاوشێوەی یۆرۆی 1992 بە بێ ئاڵا و سروودی نیشتیمانی بەشداری مۆندیالی داهاتوو بکات.

 رووسیەکان 27 ساڵ لەمەوپێشیش دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، ناچار بوون وەکو گەلانی کۆمۆنوێڵت بەبێ ئاڵا و سروودی نیشتیمانی بەشداری بکەن.

دوای ئەوەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە قەدەخەکراوەکان بریاریدا رووسیا لە تەواوی چالاکیە وەرزشیەکان بۆ ماوەی چوار ساڵ سڕ بکات، ئێستا فیفا و بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە هەوڵی ئەوەدان رێگە چارەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکەیان بەشداری مۆندیالی 2022ـی قەتەر بکات.

ساڵی 1992 واتە 27 ساڵ لەمەوبەر، کێشەیەکی لەم شێوەیە بۆ یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دروست بوو، ئەو کاتەی هەڵبژاردەی ئەم وڵاتە خەریکی ئامادەکاری بوو بۆ یۆرۆی ئەوساڵە، بەڵام لە ناکاو هەموو شتێک هەڵوەشایەوە، ئەمیش بە هۆی کۆتایی هاتن بە حکوومەتی ئەو کاتەی یەکێتی سۆڤیەت و دابەشبوونی ئەم وڵاتە، بۆیە هەڵبژاردەی ئەم وڵاتە ناچار بوو بە بێ سروودی نیشتیمانی و ئاڵاکەیان و وەکو گەڵانی کۆمۆنوێلت بەشداری یۆرۆ بکەن.

لەو ساڵەدا کە رووسیەکان وەکو گەڵانی کۆمۆنوێڵت بەشدارییان لە یۆرۆ کرد بوو، لە بڕی سروودی نیشتیمانی سەمفۆنیایەکی تایبەتیان گووتەوە و هەروەها هیچ هێمایەکی تایبەتیشیان لەسەر درێسەکانیان نەبوو، بەڵام هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاواییان کرد.

ئێستا دوای 27 ساڵ کێشەیەکی هاوشێوەی بۆ رووسیەکان درووست بووە، ئەم وڵاتە بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی قەدەخەکراوەکان لەلایەن چەندین لە وەرزشوانەکانیان، سزای سڕکردنیان بەسەردا سەپێنراوە و بەم هۆیەوە ناتوانن بەشداری مۆندیالی 2022ـی قەتەر بکەن.

رووسیەکان لە هەوڵی ئەوەدان هاوشێوەی یۆرۆی 1992، ئەمجارەش بە بێ ئاڵا و سروودی نیشتیمانی بەشداری بکەن، بەڵام لێکۆلینەوەیەکی زانستی دەریخستووە، یاریزانانی ئەو هەڵبژاردانەی کە سروودی نیشتیمانی بە ووزەیەکی زۆرەوە ناڵێنەوە، هەمیشە ئەنجامەکانیان باش نەبووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە ئەگەری بەشداریکردنی رووسەکان بەبێ ئاڵا و سرودی نیشتمانی لە مۆندیالی داهاتوو، ئەوا سەرکەوتوو نەبن.