باندێکی گەورەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە لە بەریتانیا دەستگیر کران

سەرۆک و زۆربەی ئەندامانی باندەکە کوردن

K24 – هه‌ولێر:

باندێکی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە لە بەریتانیا کە زۆربەی ئەندامەکانیان کوردن، سزای یاساییان بەسەردا سەپا.

باندەکە خەڵکانی کورد و عێراقییان بە نایاسایی لە رێگای تاکسی لە باشووری فەرەنساوە بۆ وڵاتی بەلجیکا بردووە و لەوێوە لە رێگای ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ وڵاتی بەریتانیایان گواستوونەتەوە.

ئەگەر لەکاتی گەیشتنیان لە بەریتانیا دەستگیر بکرانایە، دەستبەجێ ناوی ئەندامانی خێزان و خزمەکانیان لە بەریتانیا دەهێنا تاکو وەک پەنابەر بۆ لای ئەوان بگوازرێنەوە، ئەم خێزانانەش لە پێناو بە سەلامەت گەیاندنی ئەم پەنابەرانە بۆ بەریتانیا، بڕی 8 بۆ 10 هەزار پاوەندیان داوەتە قاچاخچییەکان.

ئەگەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانیش دەستگیر نەکرایانە، ئەوا دەچوونە لای ئەندامانی باندەکە و بۆ ئەو شوێنەی خۆیان خوازیاریی بوون دەگوازرانەوە.

سەرۆکی باندەکە بە ناوی ئالان هۆگر، بەم رێگایە، ملیۆنەها پاوەندی دەستکەوتووە و لە ئێستادا دەستگیرکراوە بە 10 ساڵ زیندانیی سزادراوە. ئەم قاچاخچییە کوردە یارمەتی لە هاوسەرەکەی بەناوی کڤێتا کۆنکۆڤا وەرگرتووە، ئەمەش وایکردووە ئەم خاتوونەش دەستگیر بکرێت و بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیی سزا بدرێت.

ستیڤ مەی، بەرپرسی یەکەی تاوانی رێکخراوی باشووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، باندەکە بەجۆرێک رێکخراو بووە، هەرگیز لەو بڕوایە نەبوون ئاشکرا بکرێنو  دەستگیر بکرێن.

لە کاتی دەستگیرکردنی ئەم باندە، دەست بەسەر 144 هەزار پاوەنددا گیراوە و ماڵپەڕی "سەنی" بەریتانیش وێنە و ناوی تەواوی ئەندامانی ئەو باندەی بڵاوکردووەتەوە.

بەگوێرەی ناو و وێنەکان، پێنج لەو قاچاخچیانە کوردن و سزاکانیان لە 12 مانگ بۆ هەشت ساڵ زیندانیی بەگوێرەی بەشداریی و چالاکیان لە باندەکە دەبێت.

The Sun

H.J