خشته‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له‌لایه‌ن رێبوار تاڵه‌بانی راگه‌یه‌ندرا

عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركووك بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌خه‌نه‌ڕوو
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامێكی لیستی برایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر بەر لە ھەژدەی مانگ دۆخی كەركووك ئاسایی بێتەوە و دۆخەكە بگەڕێتەوە پێش 16ى ئۆكتۆبەر، ئەوان بەلایانەوە ئاساییە كۆبوونەوەكە لە كەركووك ئەنجامبدەن، بەڵام بەم دۆخەی ئێستاوە ناتوانن بگەڕێنەوە شارەكە. 

سەبارەت بە شەرعیبوونی كۆبوونەوەكەش ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێت: "لیستی برایەتی زۆرینەیە و دەتوانێت رێژەی یاسایی كۆبوونەوەكە تەواوبكات". ئەندامانی یەكێتیش لە لیستی برایەتی بڕیاڕیانداوە بەشداری لە كۆبوونەوەكەی 18ى مانگدا بكەن.

خشته‌ى كارى كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوە نائاساییەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەلایەن رێبوار تاڵەبانی, سەرۆكی بە وەكالەتی ئەنجوومەنەكە راگەیەندرا، بەشێك لە عەرەب و توركمانەكانی كەركووكیش بڕیاریانداوە بەشداری كۆبوونەوەكە نەكەن، چونكە بەقسەی ئەوان بێت كۆبوونەوەكە زیاتر كۆبوونەوەی لیستی برایەتییە نەوەك ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بەڵام ئەندامێكی لیستی برایەتی دەڵێت: "كۆبوونەوەكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن بەڕێوەدەچێ و ھیچ گرفتێكی یاسایی نییە".

لیستی برایەتی لەكۆی 41 كورسی ئەنجوومەنەكە خاوەنی 26 كورسییە بۆ ئەمەش دەتوانێت رێژەیی یاسایی دانیشتنەكە تەواو بكات، گرفتی سەرەكی شوێنی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكەیە، چونكە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ئامادە نین بەم دۆخەی ئێستا بگەڕێنەوە كەركوك،  بۆیە ھێشتا پارتی و یەكێتیش لەسەر شوێنی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، جێگری مەڵبەندی سێی یەكێتیش دەڵێت : ئەندامانی یەكێتی لیستی برایەتی لە كۆبوونەوەكەی 18 مانگ بەشدار دەبن.

لەھەمان ئەورۆژەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەدەچێت، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستانیش بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت، كە یەكێتی لە دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی خۆیدا دووپاتیكردەوە ھەردوو كۆبوونەوه‌كە بەندن بە یەكەوە، ئەمەش بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی كە ھەفتەی رابردوو لەسەری رێككەوتن، بەپێی خشتەی كاری كۆبوونەوەكەش لە كۆبوونەوەكەی 18 ی مانگی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پارێزگارێكی نوێ بۆ شارەكە ھەڵنابژێردرێت.

ئ. م