ناسا: قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنە لە جیهان تاکو ئێستا ژیانی تێدا بێت

لانی کەم 6 هەزار ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی ناسای ئەمەریکی The National Aeronautics and Space Administration NASA قەڵای هەولێری بە کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ کە تاکو ئێستا ژیانی تێدابێت دیاری کرد.

بەگوێرەی راگەیندراوێکی ماڵپەڕی فەرمی ناسا کە دوێنێ سێشەممە 02/04/2019 بڵاوکراوەتەوە، مێژووی دروستکردنی قەڵای هەولێر بۆ لانی کەم شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

قەڵای هەولێر بە سەردەمی سۆمەرییەکان، ئاشوورییەکان، ساسانیەکان، مەغۆلەکان، کریستیانەکان و عوسمانییەکاندا تێپەڕیووە و لە سەرەتای دروستبوونیەوە پەرستگای جیاوازی جووەکان، مەسیحییەکان و مووسوڵمانەکانی تێدا دروستکراوە.

بەگوێرەی داتاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 1995، قەڵای هەولێر یەک هەزار و 631 کەسی تێدا ژیاوە و 247 ماڵیشی تێدابووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2003، قەڵاکە چۆڵکراوە تاکو ناسنامەی خۆی وەک شوێنەوارێکی دێرینی جیهان ون نەکات.

قەڵای هەولێر 32 مەتر بەرزە و خانووەکانی لە قوڕ دروستکراون، لە ساڵی 2014 ناوی خرایە لیستی شوێنەوارە کەلەپوورییەکانی جیهان، لە ئێستاشدا، خێزانێک تیایدا دەژی و خاوەنی چەند مۆزەخانە و مزگەوتێکە.

NASA

H.J