سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند بەڵێنێک بە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەدا

لە بارەی عەرەبە هاوردەکان، بودجە، کێشەی کەرکووک و جووتیاران قسەیان کردووە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 20/05/2019، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆ بوونەوە.

د. بەشیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "باسمان لە کێشەکانی سەرگەڕان، پەلکانە، گوندەکانی دەوروبەری کەرکووک و کێشەی هاوردەکردنی عەرەبەکان بۆ وەدەرنانی کوردەکان کردووە و بەڵێنی چارەسەرکردنیان دراوە".

راشیگەیاند: "پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک هەندێک لێپیچینەوەی ئیداریی دەکات، کە پێچەوانەی یاساکانن و داوامان کردووە سنووری بۆ دابنرێت".

لە بارەی کێشەی گەنمی جووتیارانیشه‌وه‌، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "بە سەرۆک وەزیرانمان گوت، چیدی ناکرێت ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت و دەبێت پارەی شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج بکرێت، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەڵێنی خەرجکردنی پارەکەی بەم نزیکانە داوە".

ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆبوونەوەکە بە عادل عەبدولمهەدیمان گوتووە، گەڕانەوەی پێشمەرگە و هەماهەنگیی هەرێم و بەغدا، تاکە رێگای چارەسەکردنی کێشەکانی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان.

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو ئاوارانە بوو، کە لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر ماڵەکانیان جێ هێشتووە و داوا کراوە 150 هەزار خێزانی کورد، کە لە ئێستادا ماڵەکانیان جێ هێشتووە، بۆ ناوچەکانیان بگەڕێندرێنەوە.

لای خۆیەوە، بەهار مەحموود، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "داوامان کردووە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت، ئەوانیش ئەمەیان پەسەند کردووە و بەڵێنیان داوە ناردنی مووچە بەردەوام بێت".

H.J