پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی و كارەبا لە ھەولێر دەكرێتەوە
K24 - ھەولێر
دیاری شێخە، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "بە بەشداری زیاتر لە 100 كۆمپانیا لە شەش وڵات، سبەی 26/6/2019، پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی و كارەبا لە ھەولێر دەكرێتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "ئەو كۆمپانیا بیانیانەی بەشداری لە پێشانگاكە دەكەن، دەیانەوێت لە رێگەی ھەولێرەوە دەستیان بە ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەستی داعش بگات".
ئەحمەد تەنیا، یەكێكە لە رێكخەرانی پێشانگاكە بە كوردستان24ی گوت: "ھەموو ئامادەكارییەك كراوەو سبەی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان و عێراق پێشانگاكە دەكرێتەوە".
گوتیشی: "گرنگی ئەو پێشانگایە ئەوەیە كە كۆمپانیاكانی كوردستان بتوانن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان پتەوتر بكەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "زۆربەی ئەو كۆمپانیایانەی بەشداری لە پێشانگاكە دەكەن كۆمپانیای گەورەن و 50 كۆمپانیای ناوخۆش بەشداری دەكەن".
ھ.م