خاڵه‌كانی رێككه‌وتنی هه‌سه‌ده و حكوومه‌تی سووریا ئاشكرا ده‌كرێن
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه واژووی هه‌ریه‌ك له مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" و سیپان حه‌مۆ، فه‌رمانده‌ی گشتیی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه"ـی له‌سه‌ره، ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌سه‌ده به‌وه رازی بووه كه ناوچه‌كانی نێوان "عه‌ین دیوار" تا ده‌گاته "جه‌رابلوس" بكه‌ونه ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی حكوومه‌تی سووریا.
به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه، هێزه‌كانی حكوومه‌تی دیمه‌شق له سێ لاوه ده‌چنه ناوچه‌كه، یه‌كه‌میان له ناوچه‌ی ته‌بقه به‌ره‌و باكوور تا ده‌كاته عه‌ین عیسا و گرێ سپی، دووه‌میان له مونبجه‌وه تا كۆبانێ و سێیه‌میش له حه‌سه‌كه‌وه به‌ره‌و ته‌ل ته‌مر تا ده‌گاته سه‌رێ كانیێ و له‌وێشه‌وه تا قامیشلۆ و دێرك.
به‌گویره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه، هێزه‌كانی حكوومه‌تی سووریا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نه سه‌ربازییه خۆجێیه‌كان له‌و ناوچانه بڵاوده‌بنه‌وه و ناوچه‌ی سه‌رێ كانیێ تا گرێ سپی وه‌ك ناوچه‌ی شه‌ڕ ده‌ناسرێت، تا ئه‌و ناوچه‌یه به‌ته‌واوی رزگار ده‌كرێت.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی كه بڵاوكراوه‌ته‌وه، هه‌سه‌ده جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، له‌پێناو یه‌كێتی و سه‌لامه‌تی كۆماری سووریا، له‌ژێر ئاڵای سووریا ئاماده‌یه شانبه‌شانی هێزه‌كانی حكوومه‌ت به سه‌ركردایه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا ببێته‌وه.
H.B