"هه‌ندێ لایه‌ن كار بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ده‌كه‌ن"

له‌ هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌كه‌دا لایه‌نه‌ كودییه‌كان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان به‌ یه‌كگرتوویی ده‌مێننه‌وه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لایەنە سیاسیەکان رایدەگەیەنن، تائیستا دیار نیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کاتی خۆیدا دەکرێت یان نا، بەرپرسێکی پارتیش ئاشکرای دەکات هەندێك لایەنی عێراقی کار بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکەن. لایەنە سیاسیەکانیش بۆ ئەنجامدان یان ئه‌نجامنەدانی هەڵبژاردنەکان خۆیان ئامادەکردوە و باس لە گۆرینی یاسای کۆمیسیۆن، یاسای هەڵبژاردنەکان و کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن.

له‌كاتێكدا دوو هۆکار بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هه‌ن، یەکێك لەو هۆکارانە پەیوەندی بە کاته‌وه‌ هەیە کە ئەگەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن  هەموار بکرێتەوە کۆمیسیۆن لە دوای پەسەندکردنی یاساکە 6 مانگی پێوستە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتێکدا مانگی چواری ساڵی داهاتوو بە وادەی هەڵبژاردن دیاری کراوە، هۆکارێکی دیکەش كه‌ وا دەکا هەڵبژاردن نەکرێت، ئەگەری گۆرانکاریە لە عێراق. له‌مباره‌شه‌وه‌ عه‌دنان كه‌ركووكی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووك - گەرمیانی پارتی دەڵێت  هەندێك لایەنی عێراقی کار بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

لایەنە كوردییه‌كان لە ناوچە کوردستانیەکان هاوپەیمانیەتیەکیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکهێناوە, به‌لام دۆخی ئێستای عێراق ئەوانیشی لە چاوەروانی هێشتوەتەوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ هەردوو حاڵەتەکە لایەنەکان یەکگرتوون.

دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراق و دەستبردن بۆ هەمواری دەستوور و گۆڕينى یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و رێکنەکەوتنی لایەنەکان، هۆکارن بۆ ئەگەری دواخستنی هەڵبژادنەکان، لە ئەگەری گۆڕينى یاسای هەڵبژاردن و  کۆمیسیۆنيش، 6 مانگ پێوستە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردن، لە کاتێکدا ئەو وادەیە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ته‌نیا 6 مانگی ماوە، ئەمەش وا دەکات، هەڵبژاردن لە کاتی خۆيدا ئەنجام نەدرێت.

H.B