دەنگ بە پارێزگاری نوێی ھەولێر دەدرێت

ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر كۆبوونەوەی ژمارە 70ی خۆی ئەنجامدەدات و دەنگ بە پارێزگاری نوێی ھەولێر دەدات".

گوتیشی: "جگە لە فرسەت سۆفی وەك كاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری ھەولێر ھیچ كەسی دیكە خۆی كاندید نەكردووە بۆ ئەو پۆستە".

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەن تایبەتە بە ھەڵبژاردنی پارێزگاری ژمارە 41 بۆ پارێزگای ھەولێر، تاكە كاندید بۆ ئەو پۆستە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەویش د. فرسەت سۆفی-یە".

روونیكردەوە: "پرۆسەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگا تەنھا دەنگدانە، ئەگەر كاندیدەكە بە دەنگی رەھا ھەڵبژێردرا، ئەوكات كۆنووسی كۆبوونەوەكە بە نووسراوێك ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت لەوێوە بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی ھەرێم دواتر كاندیدی پۆستی پارێزگار لەبەردەم سەرۆكی ھەرێم سوێندی یاسایی دەخوات و فەرمانی ھەرێمایەتی بۆ دەردەچێت و دەبێت و دەستبەكار دەبێت".

لای خۆیەوە كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەگەڵ ھەموو فراكسیۆنەكانی دیكە قسەمان كردووە، ھەموویان رای باشیان ھەیە و فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان و توركمان و مەسیحییەكان دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدەن و ئامادەسازی باش كراوە".

پرۆفایلی فرسەت سۆفی كاندیدی پارتی بۆ پارێزگاری ھەولێر

- ناوی تەواوی، فەرسەف سۆفی عەلی، لە ساڵی 1978 لە گوندی گەزنەی سەر بە چۆمان چاوی بە دونیا هەڵهێناوە.

- پارێزگاری نوێی پارێزگای هەولێر خێزاندارە و خاوەنی دوو کوڕ و دوو كچە، هەروەها دانیشتووی هەولێرە.

- فەرسەت سۆفی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرای لە یاسای گشتی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بەدەستهێناوە.

- لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانتار بووە و هەروەها مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بووە.

- فەرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەکانی ده‌سته‌ی راوێژكاری یاسایی له‌ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و لیژنەی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان و ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها سەرۆکی لیژنەی کاتی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە.

- لەسەر ئاستی کاری حزبیش ئەندامی شاندی دانوسانکاری پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە

ھ.م