زیاره‌تكارانی ئێرانی به‌بێ ڤیزا ده‌توانن بچنه شوێنه ئایينییه‌كانى عێراق
K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی ئیرنای ئێرانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، زیاره‌تكارانی چله‌ی ئیمام حوسێن، ده‌توانن به‌بێ ڤیزا، ته‌نها به پاسپۆرتی ئێرانی سه‌ردانی شوێنه ئایینییه‌كانی عێراق بكه‌ن.
ئاژانسه‌كه له زاری یاسین یاسری، وه‌زیری ناوخۆی ئێرانه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، زیاره‌تكاران پێویستیان به ڤیزای عێراق نییه بۆ به‌شداریكردن له رێوڕه‌سمی چله‌ی ئیمام حوسێن و سه‌ردانیكردنی شوێنه ئایینییه‌كانی عێراق.
وه‌زیری ناوخۆی ئێران، ئاماژه‌ی به هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كردووه بۆ عێراق له ماوه‌ی شه‌ڕی دژی داعشدا و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، كه پۆلیسی عێراق، پێویستی به ئه‌زموونه‌كانی پۆلیسی ئێرانی هه‌یه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، شاندی پۆلیسی عێراق سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كردووه.
یاسین یاسری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه له ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی رێوڕه‌سمی چله‌ی ئیمام حوسێن‌دا، 30 هه‌زار كارمه‌ندی هێزه‌كانی ناوخۆ، هاوكار ده‌بن بۆ ئاسانكاریی زیاره‌تكاران له ده‌روازه سنوورییه‌كان.
ئ. م